کەرکووک.. حەشدی شەعبی دەستی بە رەشبگیریی کورد و سوننە کرد
بەپێی زانیارییەکان، هەڵمەتە رەشبگیرییەکەی حەشدی شەعبی رۆژی دووشەممە 6/11/2017 دەستی پێ کردووە و ماڵە کوردو عەرەبە سوننەمەزهەبەکان دەپشکنن، هەر ماڵێکیش کەسی لێ نەبێ، ئەوا دەرگاکەی دەشکێنن و دوای تاڵانکردن، دەیسووتێنن.
لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا، چەکدارانی حەشدی شەعبی چەندین گەنجی کورد و سوننەمەزهەبیان رفاندووە.
دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە ئاوارە بوون و خانووی دەیان هاووڵاتیش تەقێندراوەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنيوز
