دژەتیرۆری عێراق دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی ھاووڵاتیانی دوبز
(کامەران ڕەحمان)، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سەرگەرانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر قەزای دوبزدا گرتووە و ڕۆژانە دەزگای دژەتیرۆری عێراق کێشە بۆ دانیشتوانی دوبز، ئەوانەی ماون، دروست دەکات، چونکە زۆربەی دانیشتوانی کوردی قەزای دوبز ئاوارە بوونە و بەشێکیان گەڕابوونەوە شوێنەکانیان، بەڵام کاتێک چوونەتە سەر ماڵی خۆیان و بینیویانە ڕەوشی ناوچەکە بەو جۆرە نییە، دووبارە ئاوارە بوونەتەوە، چونکە دەزگای دژەتیرۆری عێراق زانیاری لەسەر ھاووڵاتیانی کورد کۆ دەکاتەوە و دەستگیریان دەکات و تا ئێستا ژمارەیەک ھاووڵاتی دەستگیر کراون.''
(کامەران ڕەحمان) دەشڵێت: ''حکوومەتی عێراق قایمقامێکی نوێی بۆ قەزای دوبز داناوە بە ناوی (حەسەن جبووری)، کە پیشتر لە ناحیەیەکی سەر بە قەزاکە بووە، بە ھۆی دەسەڵاتی ئێستای عێراق لە دوبز ھاووڵاتیانی سنوورەکە تووشی دەیان کێشە بوونە، ھەرچەندە قایمقام و ئەنجومەنی گوندەکان داوای گەڕانەوەی خەڵکیان کردووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەم لە ھاووڵاتیان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.''
kdp-
