کۆچ و کۆچبەرانی بەغدا ھاوکاریی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو ناکات
لەکاتی ھاتنی ئاوارەی شەڕی داعش، بەغدا بەردەوام ھاوکاریی ئاوارەکانی دەکرد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش وەک ئەرکێکی مرۆڤی ژمارەیەک کەمپی بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان دروست کردبوو، (شاکر یاسین)، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بە گوێرەی دواین ئاماری بەردەستمان تا ئێستا نزیکەی ١٧٠ ھەزار خێزانی ئاوارەی ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو تۆمار کراون، بێگومان ئاوارەی دیکەش ھەن، ھێشتا ناویان تۆمار نەکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەکانی کۆچ و کۆچبەران، ھاتنی ئەو ئاوارانە لە کاتێکدایە ھێشتا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەنجامی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ھەرێمی کوردستان ھەن و ئەوانەیشی ئێستا ھاتوون، کەمپیان بۆ نەکراوەتەوە، بەلکو لە شارەکاندا نیشتەجێ بوون و شوێنیان بۆ کراوەتەوە.''
بە ھۆی ڕووداوەکانی داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران ھاووڵاتی بە ھۆی مەترسیی تاوانەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە، وەک بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی ھەرێمیش ڕوونی دەکاتەوە، تا ئێستا عێراق ئامادە نییە، ھاوکاریی ئاوارەکان بکات، ئەمە لەکاتێدایە ئەرکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی بەغدایە ھاوکاریی ئاوارەکان بکات، لەم بارەیەوە (شاکر یاسین) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''بەداخەوە لەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە ھاوکاریی ئاوارەکان بکات، بەڵام تا ئێستا کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھیچ ھاوکارییەکی بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو و دەشتی نەینەوا ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان نەکردووە و ڕێکخراوەکانی بیانیش وەک پێویست ھاوکاریمان ناکەن، لەبەر ئەوە ئێستا تەنھا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی ئاوارەکان دەکات.''
kdp-
