پەرلەمانتارێک: عێراق ١٤٩ ملیار دۆلار قەرزارە

 	 پەرلەمانتارێک: عێراق ١٤٩ ملیار دۆلار قەرزارە
- (نەجیبە نەجیب) دەڵێت، قەرزەکانی عێراق گەیشتوونەتە ١٤٩ ملیار دۆلار و بەو پێیە بێت، تا ٤٠ ساڵی دیکە دەبێ عێراق قەرز بداتەوە.


ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی كردەوە، خەریكی بەدواداچوونێكە لەسەر قەرزەكانی عێراق و بەڵگەنامە و دیكۆمێنتێكی زۆری خراوەتە بەردەست و، گوتی: ''داوا لە وەزارەتی پەیوەندیدار كراوە كە دۆسیەی قەرزەكان بنێرێت و دۆخی ئابووریی عێراق زۆر خراپە، عێراق هیچ گەشەی لە ئابووریدا نییە، قەرزی زۆرە و یەك سەرچاوەی هەیە و مانگانە قەرزەكانی زیاد دەكات.''

(نەجیبە نەجیب) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''قەرزی عێراق نزیكەی 112 ملیار دۆلارە، بەڵام بە شتی نافەرمیی بێت 149 ملیار دۆلارە.''

هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاشکرای کردووە: ''قەرزەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سەر عێراق بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 162 ملیار دۆلار، كە لەو بڕە 41 ملیار دۆلاری قەرزی وڵاتانی كەنداوە.''

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق زانیاری زیاتری داوە کە ئەو پارەیەی كە ڕاستەوخۆ لە شەڕی دژ بە داعشدا بۆ مووچەی هێزە عێراقییەكان، كڕینی چەك و یارمەتیی ئاوارەكان خەرج كراوە، ١٥٠ ملیار دۆلارە و کۆی قەرزە ناوخۆییەكانی سەر عێراق، ١٢١ ملیار دۆلارە.

هاوکات (ماجیدە تەمیمی)، ئەندامی لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ''کۆی گشتیی قەرزی دەرەکی و ناوخۆی عێراق گەیشتووەتە ١١٧ ملیار دۆلار، كه‌ بەھای قەرزە دەرەکییەکانی عێراق ٧٠ ملیار دۆلارە و قەرزەکانی ناوخۆی عێراقیش ٤٧ ملیار دۆلارە.''
kdp-
Top