لیژنەی مافی مرۆڤی پارێزگای کەرکووک: ڕەوشی کەرکووک زۆر خراپە

 	 لیژنەی مافی مرۆڤی پارێزگای کەرکووک: ڕەوشی کەرکووک زۆر خراپە
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد، ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک زۆر خراپە و ڕۆژانە ھەڵکوتانە سەر ھاووڵاتیانی سڤیل لە لایەن حەشدی شەعبیەوە بەردەوامە و دەشڵێت، حەشدی شەعبی چەندین بارەگای لە نێو کەرکووکدا کردووەتەوە و تا ھەمەرەکانیان لە نێو کەرکووکدا بن ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.

(جوان حەسەن)، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کەرکووک شارێکی ئارامە، ھیچ بنەمایەکی بۆ نییە، چونکە خەڵکی شاری کەرکووک لە مەترسیدا دەژین و ڕۆژانە ھەڵکوتانە سەر ماڵی ھاووڵاتیان بەردەوامە. نەخێر بە ھیچ شێوەیەک ئەوانەی باسی ئەوە دەکەن ڕەوشی کەرکووک ئارامە ڕاست ناکەن و ڕەوشی کەرکووک لە ڕووی ئەمنییەوە تێک چووە، ئەو ھەموو تاوانەی کراوە و دەشکرێت گەواھیدەری ئەو حەقیقەتەیە، کە چ تاوانێک لە کەرکووک بەرامبەر بە خەڵکی کەرکووک دەکرێت و کراوە.''

ڕۆژانە مەفرەزەکانی حەشدی شەعبی لە ژێر پەردەی پۆلیسی فیدڕاڵ و ھێزی ئەمنیی عێراقدا ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی ھاووڵاتیانی کورد و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن.''
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەبوونی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە نێو شاری کەرکووکدا ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە، ئەگەر بیانووی ئەوە بێننەوە، کە ئەوەی لە کەرکووک ھەیە پۆلیسی فیدڕاڵە، ئەدی ئەو ھەموو ئاڵایەی حەشدی شەعبی چییە بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیانەوە، نەخێر حەشدی شەعبی زۆرە لە کەرکووک و ھەر ئەوانیشن تاوان ئەنجام دەدەن، ھەر شەھیدکردنی وێنگرەکەی دەزگەی سەتەلایەتی کوردستان یەکێکە لەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دژی خەڵکی ئێمە ئەنجامی داوە، تا ھەمەر لە نێو شاری کەرکووکدا ھەبن، ئەوە بێگومان کەرکووک ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.''

شایەتحاڵەکان لە نێو کەرکووکەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بە سەدان چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی لە نێو شاری کەرکووکدا خەریکی گرتن و تاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتیانی کوردن. لەم بارەیەوە (جوان حەسەن) گوتی: ''حەشدی شەعبی چەندین بارەگای خۆی لە نێو سەنتەری شاری کەرکووکدا کردووەتەوە و بە ڕۆژی ڕووناک بە ئاڵای ''یا حوسێن''ـەوە لە نێو کەرکووکدا دەگەڕێن و ئێمە ھەموو ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە کەرکووک دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی داوە بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاندووە، ڕاستە بە ھۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئێستا ئێمە دەوام ناکەین، بەڵام ڕۆژانە بەردەوامین بۆ گەیاندنی ئەو زۆڵمەی لە خەڵکی کەرکووک دەکرێت.''
kdp-
Top