محەمەد کەمال: تا حەشدی شەعبی لە نێو کەرکووک بێت ناگەڕێینەوە

محەمەد کەمال: تا حەشدی شەعبی لە نێو کەرکووک بێت ناگەڕێینەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، تا دۆخی کەرکووک ئاسایی نەبێتەوە و حەشدی شەعبی لە ناو کەرکووک ھەبێت، ئەوان ناگەڕێنەوە بۆ ئەو شارە، جەختیش دەکاتەوە، ئێستا دۆسیەی ئەمنی و ئیداریی کەرکووک لەدەست فەرماندەیەکی سەربازیی عێراقدایە.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، (محەمەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئێستا ھیچ باسێک بۆ گەڕانەوەی ئێمە نییە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، لەبەر ئەوەی دۆخی ئەمنیی کەرکووک باش نییە و تا ئێستاش حەشدی شەعبی لە ناو کەرکووک ھەیە، بۆیە تاوەکو بەم شێوەیە بێت، ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ کەرکووک.''

لەبارەی ئەوەی ئەندامانی یەکێتی باس لەوە دەکەن چاوەرێی گەڕانەوەی ئەندامانی پارتین بۆ دیاریکردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک، (محەمەد کەمال) گوتی: ''ئەوان خۆیان بە ڕۆژ لە کەرکووک و بەشەویش لە سلێمانین و جگە لەوەش ھەر لە سەرەتاوە ئەوان لە کەرکووک ماون، بۆیە ئەوان کەیفی خۆیانە چی دەڵێن، بەڵام ئێمە بەو شێوەیە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو شارە، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا دۆسیەی سەربازی و ئیداریی کەرکووک لەدەستی فەرماندەیەکی سەربازیی بەغدادایە و بەدەست کوردەوە نییە، تا بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن.''

سەبارەت بە دیاریکردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک، (کەمال) گوتی: ''ئیدارەی پارێزگا و ئەمنییەتەکەی لەدەست کورددا نەماوە و تاوەکو ئەمنییەت نەدرێتە دەست ھێزەکانی پۆلیس، پارێزگار ھەبێت و نەبێت وەکو یەکە و جگە لەوەش، کێ دەڵێت، بەغدا ڕازی بێت پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت، چونکە باس لەوە دەکەن ڕازی نابن پارێزگار بۆ کورد بێت.''

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (عەدنان کەرکووکی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کوتلەی عەرەبی پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب بێت و جێگرەکەیشی بۆ تورکمان و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بۆ تورکمان و جێگرەکەیشی بۆ عەرەب بێت و ڕازی نین جارێکی دیکە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد بێت و ئێستاش فەرماندەیەکی سەربازی حاکمی کەرکووکە.''

kdp-
Top