ئاکرەیی: ئێران خاڵە سنوورییەکانی بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە

ئاکرەیی: ئێران خاڵە سنوورییەکانی بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە
بڕیارە خاڵی سنوری پەروێزخان لە لایەن ئێرانەوە بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا بکرێتەوە، بەڕێوبەری گشتیی پێوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێرانیش دەڵێت، ئێران باسی لەوە کردووە، ھەموو خاڵە سنوورییەکان بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە.

ئێران سێ خاڵی سنووریی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و باشماخ، لەگەڵ چەند خاڵی دیکەی سنووریی نافەرمی، کە ماوەی سێ حەفتەیە ھەموویانی بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا داخستووە و ھاتوچۆ و جموجووڵی بازرگانییسن لێ وەستاوە.

لەم بارەیەوە، (ئارام سایەخان)، بەرپرسی ڕاگەیاندنی خاڵی سنووریی پەروێزخان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە قسەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کردووە، باسیان لەوە کردووە، کە خەریکی ڕێکخستنی مەرزی پەروێزخان و ھێنانی بازرگان و بارھەڵگەرەکانین بۆ ئەوەی ئەو مەرزە بکرێتەوە، بۆیە گەر ئامادەکارییەکان تەواو بن، سبەی مەرزەکە دەکرێتەوە، گەرنا دەکەوێتە ڕۆژی سێشەممە.''

لەبارەی ھەمان پرسەوە، بەڕێوبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، (عەبدوڵا ئاکرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییانەوە، ئێران ھەرسێ خاڵە سنوورییەکەی خۆی بە ڕووی ھەرێمی کوردستاندا داخستووە و ئێمەش قسەمان لەگەڵ کردوونە و باسیان لەوە کردووە، ئەو خاڵە سنووریانە دەکەنەوە و نەیانگوتووە نایانکەنەوە، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.''

لەبارەی کردنەوەی خاڵی سنووریی پەروێزخانەوە، گوتی: ''دەنگۆی ئەوە ھەیە کە ئەو مەرزە بکەنەوە و باسیان لەوە دەکرد، خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانیش دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.''
kdp-
Top