تەقینەوەیەک لەنێو شاری کەرکووک ڕووی دا
عەقید ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند: لە شەقامی ئەتڵەسی شاری کەرکووک کەسێکی خۆکوژ خۆی کردووەتە ناو بارەگایەکی سەریای سەلامی سەر بە حەشدی شەعبی، خۆی تەقاندووەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک قوربانی لێکەوەتەوە". گوتیشی: "بەڵام تا ئێستا نازانرێت ژمارەی قوربانییەکان چەندە".
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ گرووپێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتیی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسول، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، کە چەند (کاڵفام)ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوییەکانی تری گەلەکەمان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتیی".
حەشدی شەعبی لە نزیکەی ٦٧ میلیشیای شیعە مەزھەبی عێراق پێک دێت، بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە لایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دروست بووە.
باسنیوز
