سەرۆکایەتیی حکوومەت و پارێزگاکان دۆخی ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11/2017، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیران و لایەنە پەیوەندارەکان، لەگەڵ پارێزگاران و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئیدارە ناوچەییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە ھەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕۆڵی پارێزگاران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئیدارە ناوچەییەکان لە بەڕێوەبردنی کاروباری ھاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی کێشە و قەیرانەکاندا بە بەرزی ھەڵسەنگێنرا و داکۆکی لەوە کرایەوە کە یەکڕیزی و ھاوکاریی پارێزگاکان و ئەنجومەنەکانیان لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەت و وەزارەتەکان، تاقە ڕێگەی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئێستای ھەرێمی کوردستانە.
کۆبوونەوەکە دووپاتی کردەوە سیاسەتی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، بە ڕوونی دیارە کە مەبەست لێی ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستانە و نابێت بڕیارە نادەستوورییەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، کاریگەری لە پارێزگاکان و ئەنجومەنەکانیان بکات و ئەو بڕیارانە و ئەو جۆرە مامەڵەیەی ئەمڕۆ حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیکات، نابێت ببێتە ھۆی لێکترازان و دروستکردنی کێشە لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمڕۆی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان تاوتوێ کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە ئەوەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی دابینکردنی مووچەی پارێزگاکانەوە دەیڵێت، لە پرۆپاگەندەیەکی سیاسی زیاتر نییە، باشترین بەڵگەش ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2018ی عێراقە کە ئەو بەشەی لە بودجە بۆ ھەرێمی کوردستانی دیاری کردووە، بەشی تەنانەت یەک پارێزگای ھەرێمی کوردستانیش ناکات و بەم سیاسەتە حکوومەتی عێراق دەیەوێ دووبەرەکی لەنێوان پارێزگاکان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا دروست بکات.
باسنيوز
