پۆلیسی ھەولێر: گەنجێک لەسەر شەقامی 100 مەتری کوژرا

 پۆلیسی ھەولێر: گەنجێک لەسەر شەقامی 100 مەتری کوژرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە گەنجێک لە ئاکامی لێک تێنەگەیشتن، کوژراوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە"دوای ئەوەی کاتژمێر 11 و 30 خولەکی شەوی ڕابردوو پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی کوشتن لە شەقامی 100 مەتریی نزیک بازاڕی لەنگە، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کە ھاووڵاتییەک بەناوی (ئ، ج، م)، تەمەن 20 ساڵ، بەھۆی گوللـەیەک کە بەر سەری کەوتبوو، گیانی لەدەست داوە".

پۆلیسی ھەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیاندا دەرکەوتووە، کە لە چێشتخانەیەک و لەسەر شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، بووەتە دەمەقاڵێی نێوان دوو شۆفێر، لە ئاکامدا دوو تۆمەتبار دوو گوللـە دەتەقێنن، گوللـەیەک بەر ناوبراوی سەرەوە کەوتووە و گیانی لەدەست داوە، ھەردوو تۆمەتباریش لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایانکرد، تەرمەکەش ڕەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی کراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندکردنی ھەردوو تۆمەتبار بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان، پۆلیسیش تا ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە".









باسنيوز
Top