ڕادەستکردنی کەرکووک مشتومڕی لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دروست کردووە

 ڕادەستکردنی کەرکووک مشتومڕی لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دروست کردووە
لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گفتوگۆی توند ڕوویداوە، بە ھۆی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر کە گرووپێکی ئەو حزبە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد.



ماڵپەڕی (مەرکەز ئەلرەوابت) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ شەممە 4/11/2017ی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، دوای ئەوەی کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ھەڵوەشێنراوەتەوە، بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی کە ئێستا یەکێتی تێی کەوتووە، خراوەتە ئەستۆی چەند کەسێکی نێو یەکێتی.



ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە گرووپێکی نێو یەکێتی بەوە تۆمەتبار کراون، لەژێر فشاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ڕێککەوتنیان کردووە و کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کردووە، لە بەرامبەریشدا بەڵێنیان وەرگرتووە کە پێگەی حزبەکە لە کەرکووک بپارێزرێت.



پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، چەند بڕیارێک دراوە، لەنێویاندا هەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێدانی دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیی یەکێتی بە کۆسرەت ڕەسول عەلی تاوەکوو کۆنگرە، ئەنجامدانی کۆنگرە لە چەند مانگی سەرەتای ساڵی 2018، چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەی دووشەممەی سەرکردایەتیدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەم بڕیارانەی کۆبوونەوەکەی دوێنێی سەرکردایەتیی یەکێتی بدرێت و بە فەرمی ڕابگەیەندرێت.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.



باسنيوز
Top