لەسەر ئاڵای کوردستان کەسێکی دیکە بە گوللەی حەشدی شەعبی شەهید بوو
بەپێی زانیارییەکان، حوسێن ئەحمەد عەزیز دەلۆیی، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەری 2017 و لە کاتی خۆپیشاندانەکەی کوردانی خانەقین دژی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دەستڕێژی گوللەی لێکرابوو و بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ شەهید بوو.
پێشتر هەر لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەر، محەمەد نووری، گەنجێکی کوردی شاری خانەقین لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی کوردانی خانەقین دژی سووتاندنی ئاڵای کوردستان، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و شەهید بوو.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
