لەسەر ئاڵای کوردستان کەسێکی دیکە بە گوللەی حەشدی شەعبی شەهید بوو

 لەسەر ئاڵای کوردستان کەسێکی دیکە بە گوللەی حەشدی شەعبی شەهید بوو
هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خانەقین کە لەسەر ئاڵای کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران درابووە بەر دەستڕێژی گوللە، شەهید بوو.



بەپێی زانیارییەکان، حوسێن ئەحمەد عەزیز دەلۆیی، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەری 2017 و لە کاتی خۆپیشاندانەکەی کوردانی خانەقین دژی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران، دەستڕێژی گوللەی لێکرابوو و بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ شەهید بوو.



پێشتر هەر لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەر، محەمەد نووری، گەنجێکی کوردی شاری خانەقین لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران، لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی کوردانی خانەقین دژی سووتاندنی ئاڵای کوردستان، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و شەهید بوو.





ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.







باسنیوز
Top