پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: دەبێ شاسوار عەبدولواحید 40 ملیۆن دۆلارە قەرزەکەی حکوومەت بداتەوە
گوڵناز عەزیز، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی، لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەو 40 ملیۆن دۆلارە کرد کە پێشتر شاسوار عەبدولواحید لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی قەرز کردووە و تاوەکوو ئێستا نەیداوەتەوە و گوتی: ”دەبێ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بپرسرێت کە کاتی خۆی چۆن ئەو بڕە پارەیە بە شاسوار عەبدولواحید دراوە“. داواشی لە شاسوار عەبدولواحید کرد، بەرپرسیارێتیی قەرزەکە لە ئەستۆ بگرێت و بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بگەڕێنێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسیشی لە مافی ئەو 10 هەزار خاوەن پشکەی پڕۆژەی (چاڤیلاند) کرد کە بەردەوام سکاڵای ئەوە دەکەن، لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە قازانجی پشکەکانیان دەخورێت و بۆیان ناگەڕێندرێتەوە. بۆیە بەپێویستی زانی، مافی ئەو خاوەن پشکانەی (چاڤیلاند) بگەڕێندرێتەوە. گوتیشی: ”کاتی ئەوەیە خاوەن پشکەکان پەنا ببەنە بەر دادگا و دادگاش مافەکانیان بگەڕێنێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زۆر پڕۆژە هەن، تائێستا بە نیوەچڵی ماونەتەوە و خاوەنەکانیان خۆیان لێ بێدەنگ کردووە و خەڵکێکی زۆریش لەو نێوەندەدا مافیان خوراوە، بۆیە داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دەستێوەردان لە دۆخەکەدا بکات و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە.
باسینیوز
