كرێی ڕێگەی هەولێر و كەركووك دوو هێندە زیاد دەبێت

كرێی ڕێگەی هەولێر و كەركووك دوو هێندە زیاد دەبێت



دواى داگیركردنی کەرکووک لە لایەن میلیشیاكانی حەشد و سوپای پاسداران بە هاوكاری باڵی خیانەتی یەكێتی، رێگاى هاتوچۆی هاووڵاتیان راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و کەرکووک پەکی کەوتووە، ئێستە ڕێبوار ناچارن هێڵى هەولێر - کۆیە - تەقتەق - شوان - کەرکووک بەكاربێنن.


یاسین عەبدوڵڵا بەرپرسى هێڵى هەولێر - کەرکووک باس لە بەربەستەکانى ئێستەی رێگاكە دەكات و دەڵێ "بەربەستى سەرەکى ئەوەیە رێگاى نێوان هەولێر و کەرکووک داخراوە، بە ناچارى دەبێت لە هەولێرەوە بۆ کۆیە و تەقتەق و لەوێشەوە بۆ ناحیەی شوان و پاشان بۆ کەرکووک بچین، ئەمەش لە پاڵ ئەوەى رێگاکە تەسک و دوور و درێژە، تێچووەکەیشی لەسەر هاووڵاتییان دوو هێندە زیادى کردووە".


پێشتر لە تێرمیناڵى کەرکووک لە شارى هەولێر ژمارەى تاکسییەکان ٥٥ تاکسى بوو و رۆژانە نزیکەى ٤٠ تاکسى هەڵدەستان بە گواستنەوەى هاووڵاتیان لە نێوان هەولێر و کەرکووک، بەڵام دواى خیانەتەكەی ١٦ ئۆكتۆبەر، ژمارەى تاکسییەکان کەمی کردووەتەوە و رۆژانە تەنها ١٠ تاکسى ئیش دەکەن.


بەرپرسى هێڵى هەولێر – کەرکووک لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی، ئاماژەى بە کەمبوونەوەى هاتوچۆى هاووڵاتیان کرد لە نێوان هەولێر و کەرکووک و گوتى "رێژەى هاتوچۆى هاووڵاتیان بەو رێگایە رۆژ لە دواى رۆژ کەم دەکاتەوە و تا ئێستە بە رێژەى ٧٥٪ کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆى بوونى ژمارەیەکى زۆر لە چەکدار لەسەر رێگاکان دەگەڕێتەوە.


لە تێرمیناڵى کەرکووک لە شارى هەولێر هاووڵاتى کەرکووک بە رێژەیەکى کەم دەبیندرێن، ئەوەى لە تێرمیناڵیشدا بێت، ناتوانێت باس لە رەوشى رێگاکانى نێوان کەرکووک و هەولێر بکات، وەک خۆیان ئاماژەى پێدەدەن ترسیان لە حەشدى شەعبى هەیە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەى توندیان لە بەرامبەردا بکەن.

BAS NEWS-
Top