عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ: ''عێراقییه‌كان هه‌ست به مه‌ترسییه‌كانی ده‌كه‌ن''، ''به‌رنامه‌كه ئه‌وه‌یه كه حه‌شدی شه‌عبی نه‌مێنێ، به‌ڵام...''
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ، له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، "به‌شێكی شیعه‌ی عێراقی، حه‌شدی شه‌عبیی سه‌ر به ئێران وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر داهاتووی خۆیان ده‌زانن."
گرووپ و لایه‌نه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی چۆن دابه‌ش ده‌بن؟ پێتوایه دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، كاری ئه‌وانیش ته‌واو بێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): حه‌شدی شه‌عبی سێ گرووپن، گرووپێكیان به ته‌واوه‌تی سه‌ر به ئێرانن و باوه‌ڕیان به ویلایه‌تی فه‌قیه هه‌یه. گرووپێكیشیان سه‌ر به حزبه به‌شداربووه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقن و گرووپه‌كه‌ی دیكه‌یان راسته‌وخۆ سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌جه‌فن. ئه‌و گرووپه‌ی سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌تی نه‌جه‌فن، هه‌ر فه‌رمانێكیان له‌لایه‌ن سیستانییه‌وه بۆ ده‌ربچێت پێیه‌وه پابه‌ند ده‌بن و ره‌نگه دوای ته‌وابوونی شه‌ڕی داعش، كۆتایی به رێكخستنه‌كانیان بێنن. قسه‌یه‌ك هه‌یه له ناو شیعه‌كان به‌وه‌ی كه (سیستانی) و (عه‌بادی) له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان رێككه‌وتوون كه دوای شه‌ڕی داعش، (سیستانی) فه‌ته‌وایه‌ك ده‌ربكات و به‌و فه‌توایه هه‌موو هێزی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و تێكه‌ڵ به سوپای عێراق بن.
پێتوایه ئه‌و لایه‌نه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌تی (قوم)ن، به فه‌توای (سیستانی) كۆتایی به رێكخستنه‌كانیان بێنن؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): له‌وانه‌یه فه‌توای مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دوو گرووپ هه‌بێت، یه‌ك ئه‌وانه‌ی سه‌ر به خۆیانن و دووه‌میش ئه‌وانه‌ی سه‌ر به حزبه سیاسییه‌كانن. گرووپه‌كه‌ی دیكه كه راسته‌وخۆ سه‌ر به ئێرانن، گرووپێكن له‌وانه‌یه ته‌نها له عێراق چالاك نه‌بن، به‌ڵكوو له سووریایش بن و گومانی ئه‌وه‌ش ده‌كرێ ئه‌وان وه‌كوو باڵێكی پاسدارانی ئێران مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، ته‌نانه‌ت له رووی پشتگیریی ماددی و پڕچه‌ككردنیش. ئه‌مه، گرووپێكه وه‌كوو مه‌ترسی بۆ سه‌ر عێراق ده‌زاندرێت و ته‌نانه‌ت هێزه شیعییه‌كانیش به‌شێكیان وه‌ك مه‌ترسی بۆ سه‌ر خۆیان لێی ده‌ڕوانن. یه‌كێك له پلانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بریتی ده‌بێت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه و مه‌رجی هاوپه‌یمانان بۆ پشتگیریی عێراق له داهاتوودا ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و گرووپه له ناو عێراقدا چالاك نه‌بێت، بۆیه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا زۆر به راشكاوی جه‌ختیان كرده‌وه كه ئێرانییه‌كان و ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به ئه‌وانن، بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان.
له‌ودواییانه‌دا جیاوازیی ته‌واو له بۆچوونی چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ (عه‌بادی) له‌سه‌ر داهاتووی عێراق دیار بوو، هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ئایا پێوه‌ندی به چه‌ند ده‌سته‌یی ناو حه‌شده‌وه هه‌یه؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): ئێستا له ناو ئیداره‌ی ئێرانیشدا، له نێوان (روحانی) و (قاسم سلێمانی)دا جۆرێك له جیاوازیی بیر و ڕا هه‌یه. ئیداره‌ی ئێرانی ده‌یه‌وێ عێراق به‌و پشتگیرییه نێوده‌وڵه‌تییه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌تی به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام به مه‌رجێك زۆرینه‌ی شیعه ده‌سته‌ڵاتی عێراقی به‌ده‌سته‌وه بێت و، پێموانییه ئه‌مه‌ریكایش لاریی له ده‌سته‌ڵاتی زۆرینه‌ی شیعه له عێراق هه‌بێت. ئاراسته‌ی دیكه كه هیی سوپای پاسدارانه، پێیان وا نییه پلانه‌كه به ئاسانی سه‌ركه‌وتوو بێت و حوكمی زۆرینه‌ی شیعه به‌بێ بوونی ملیشیا شیعه‌كان و رۆڵی راسته‌وخۆی ئێران له عێراقدا، بپارێزرێت. ته‌نانه‌ت كار له‌سه‌ر شه‌قامی عێراقی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نیشانی بده‌ن دوای ئه‌و هه‌موو شه‌ڕه، عێراق له‌ژێر ده‌ستی شیعه بێننه‌ده‌رێ و پلانیان بۆ نه‌هێشتنی حوكمی شیعه هه‌یه. ئه‌وه زۆر به روونی له ناو میدیاكانی سه‌ر به سوپای پاسداران و (نووری مالیكی)دا به‌دیار ده‌كه‌وێ.
پێتوایه (عه‌بادی) ئه‌و پیاوه ده‌وڵه‌تمه‌داره بێت كه بتوانێ باڵانسی هێز له نێوان مه‌رجه‌عیه‌تی قوم و نه‌جه‌ف له‌لایه‌ك و له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له لایه‌كی دیكه‌وه رابگرێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): (عه‌بادی) له نێوان داواكاریی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ژموونی ئێران به‌سه‌ر عێراقدا، نه‌یتوانیوه هاوسه‌نگی دروست بكات و نیشانه‌كه‌شی له كاری زۆرینه‌ی شیعه‌ی په‌رله‌مانی به‌غدا ده‌رده‌كه‌وێ. جیا له‌وه، گوشاره‌كانی (عه‌بادی) بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌لایه‌ن ئێران و پاشكۆكانیه‌تی له ناو عێراقدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه (عه‌بادی) نه‌یتوانیوه حه‌شد به ته‌واوی كۆنترۆڵ بكات.
بۆچوونێك هه‌یه كه (عه‌بادی) له رێگه‌ی پشتگیریی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه پلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا دیسان ده‌سته‌ڵاتی عێراق به ده‌سته‌وه بگرێته‌وه، ئه‌مه تا چه‌ند سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه سه‌ر به مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌فن، پشتگیریی له (عه‌بادی) ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانی سه‌ر به حزبه سیاسییه‌كان، هه‌ر كامه‌یان پشتگیری له حزبی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌شێكی دیكه‌یان پشتگیریی له (مالیكی) ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ئێرانیشن، هه‌ر له‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌بن. به‌شێك له هێزه كوردستانییه‌كانیش كه رۆڵیان له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووكدا هه‌بووه، ئه‌وانیش له ئاراسته‌ی (مالیكی)دا كار ده‌كه‌ن.
كه‌وایه پێده‌چێت (نووری مالیكی) له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا سه‌ركه‌وتوو بێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): بێگومان، به‌ڵام ئاراسته‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكایی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه به‌وه‌ی، كه (عه‌بادی) له رێگه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف و دواتر له داهاتوودا و به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، پرۆسه‌ی سیاسی به ئاراسته‌یه‌كدا بڕوات كه (مالیكی) و به‌ره‌ی ئێران سه‌رنه‌كه‌ون.
ئێستا ئه‌وه له ناو شیعه‌دا ده‌بێندرێ كه شیعه‌ی عێراقی له شیعه‌ی ئێرانی دوور بكه‌ونه‌وه و به‌ره‌و شیعه‌ی عه‌ره‌بی هه‌نگاو بنێن؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): نه‌خێر، كێشه‌كه لێره‌دایه و دیسان پێداچوونه‌وه به خوێندنه‌وه‌كان ده‌كرێنه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكایشه‌وه. كێشه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌یه كه به‌ڵێنی زۆر له تاكه‌كه‌س وه‌رده‌گرن و هیوای زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنن. ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به (مالیكی) كرد و دواجار ده‌ركه‌وت كه چۆن كه‌وته به‌ره‌ی ئێرانه‌وه. ئێستایش (عه‌بادی) به‌شێك له‌و هاوئاهه‌نگییه‌ی هه‌یبووه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، پێوه‌ندی به شه‌ڕی داعش هه‌بووه و دوای ته‌واوبوونی ئه‌و شه‌ڕه‌ش، به‌هێزتربوونی پێگه‌ی شیعه‌ی له عێراقدا لێ كه‌وته‌وه. به هیچ شێوه‌یه‌ك، هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی شیعه‌ی عێراقی ده‌ستبه‌رداری حوكمی زۆرینه‌ی شیعه نابن و ئاماده‌ن له پێناو مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌شدا هه‌موو كارێك بكه‌ن.
بۆ (موقته‌دا سه‌در) بێده‌نگه و ئه‌و له‌گه‌ڵ كام ئاراسته‌دا كار ده‌كات؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): (سه‌در) پشتگیری له (عه‌بادی) كردووه و له‌گه‌ڵ به‌شێك له بۆچوونه‌كانی (سیستانی) بووه سه‌باره‌ت به حه‌شدی شه‌عبی. خۆیشی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه كه دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش، كاری حه‌شدی شه‌عبی ته‌واو ده‌بێت، بۆیه پێموایه رێككه‌وتنێك له نێوان (سه‌در)، (عه‌بادی)، (سیستانی) و (حه‌كیم) هه‌یه و ده‌یانه‌وێ به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ن و له داهاتوودا ئه‌وان كۆنترۆڵی سیاسه‌ت بكه‌ن.
پێوه‌ندی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ی عێراقی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه چۆنه و ئایا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له داهاتوودا به‌یه‌كه‌وه یان له ناو به‌ره‌یه‌كدا كار بكه‌ن؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): عه‌ره‌بی سوننه دابه‌ش بوونه. ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌ك له ناو ده‌سه‌ڵاتدا بوون و ئێستایش حه‌شدیان هه‌یه، ته‌نیا له ناوچه‌كانی خۆیانن. به‌شێكیشیان، هێزی سیاسین كه تا ئێستا له ناو په‌رله‌ماندا كار ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان كڕدراون، ئه‌وانه پێیان ده‌گوترێ سوننه‌ی (مالیكی). سوننه‌كان په‌رته‌وازه كراون و هیچ كامیان ناتوانن نوێنه‌رایه‌تیی راسته‌قینه‌ی شه‌قامی سوننه بكه‌ن، به‌ڵام بوونیان شه‌رعیه‌تی داوه‌ته ده‌سته‌ڵاتی به‌غدا و له‌و كاره‌ش به‌رده‌وام ده‌بن. به شێوه‌یه‌كی گشتی، دۆخی سوننه به‌و جۆره نییه كه بێده‌نگ بن. ره‌نگه ئه‌و بێده‌نگییه ماوه‌یه‌ك بخایه‌نێت تا ئه‌و كاته‌ی ناوچه‌كانیان ئاوده‌ان ده‌كرێنه‌وه و دواتر ئاستی داواكانیان به‌رز ده‌بێته‌وه.
زیاتر له ساڵ و نیوێك به‌سه‌ر خۆپێشاندانی جه‌ماوه‌ری (موقته‌دا سه‌در) له به‌غدا و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشمی "قاسم سلێمانی بۆ ده‌ره‌وه" تێناپه‌ڕێت، چۆن دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه گۆڕاوه و (سه‌در) رازی بوو (قاسم سلێمانی) رۆڵی گه‌وره له كێشه ناوخۆییه‌كانی عێراقدا بگێڕێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): (سه‌در) دژی ئێران نییه، به‌ڵام ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك ره‌وتێكی شیعه‌ی عه‌ره‌بی نیشان بدات و، عێراق له هه‌ژموونی وڵاتانی ناوچه‌یی رزگار بكات.
پێتوانییه چۆن سوپای پاسداران ئێستا كه‌رتی ئابووریی ئێرانی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و له ناو ده‌سه‌ڵاتی سیاسییشدا به‌هێزه، هه‌مان سیناریۆ بۆ حه‌شدی شه‌عبی له عێراقدا هه‌بێت؟
(عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ): نا، جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه مورشیدی باڵا، سوپای پاسداران به پارێزه‌ری شۆڕشی ئێران ده‌زانێ و زیاتر بۆ باوه‌ڕه‌دارانی مه‌زه‌بییه، به‌ڵام له عێراقدا تا ئێستا ئه‌وه‌ی له مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف به‌دیار ده‌كه‌وێ، نایانه‌وێ هێزێكی مه‌زه‌بیی وه‌ك سوپای ئێران له عێراقدا دروست بێت. مانه‌وه‌ی زیاتری حه‌شدی شه‌عبی، پێوه‌ندی به ئاڵۆزیی ناوخۆیی عێراق و ئاستی ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری ناوخۆی عێراقدا ده‌بێت. به‌رنامه‌كه ئه‌وه‌یه كه حه‌شدی شه‌عبی نه‌مێنێ، به‌ڵام خودی حزبه‌كانی نزیك له مه‌رجه‌عیه‌تی نه‌جه‌ف ئه‌وه‌نده‌یان پڕۆپاگنده بۆ ئه‌و هێزه كردووه، كه زه‌حمه‌ته له قۆناغی ئێستادا ده‌ستی بۆ ببردرێت و هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بدرێت.
KDP-
