یەزدانپەنا: هەر جووڵەیەك بۆ سەر سەنگەرەكان بە توندترین شێوە وەڵام دەدەینەوە
(حوسێن یەزدانپەنا)، جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان لە بەرەی شەڕەوە لە پردێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''هێزی پێشمەرگە، سوپای دەوڵەت و پاراستنی نیشتمان و سەروەرییەكانی نیشتمانە، هیوای وەدیهاتنی دەوڵەت و سەربەخۆییی كوردستانە. تاران و بەغدا بڕیاریان داوە سەروەرییەكانمان لێ وەربگرنەوە، بڕیاریان داوە شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانیی ئێمە بشكێنن، بڕیاریان داوە نیشتمانێك كە بە خوێنی ڕۆڵەكانی ئێمە ئازاد كراوە، بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بڕیاریان داوە جارێكی دیكە ئێمە بەكۆیلە بكەنەوە، ئەوە ستراتیژیی ئەوانە، بەڵام دەمرین و نیشتمان بە دەستەوە نادەین، دەمرین بەڵام ناهێڵین شكۆی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بشكێنن، تا هێزی پێشمەرگە لە سەنگەر بێت، خەڵكی ئێمە پارێزراو دەبێت، چونكە هێزی پێشمەرگە مەرگی لە پێناو بەختەوەریی گەل و پاراستنی نیشتمان و مانەوەی ئەو كیانەیە، كە هەڵمانبژاردووە، جا ئەگەر خەڵكێك مەرگی هەڵبژارد بێت لە پێناو بەها بەرزەكاندا، لە شكان نەهاتووە.''
(یەزدانپەنا) گوتیشی: ''هێزی پێشمەرگەی كوردستان شەڕی هێزی دوو دەوڵەت دەكات، ئێمە داوای مافی خۆمان دەكەین، خاوەن قەزییەكین، ئێمە هێرش ناكەینە سەر خاك و وڵاتی هیچ كەسێك، دەمانەوێت شەرەف و كەرامەت و نیشتمان و نامووسی خۆمان بپارێزین، بۆیە ناشكێین. ئەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نییە دەستپێشخەری شەڕە، ئەوە ئەوانن شەڕیان دژی كورد و هێزی پێشمەرگە هەڵگیرساندووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەو پەڕی مەعنەویاتی بەرزەوە، سەنگەری بەهێزە و ئێرادەی لەشكاننەهاتووی خۆی دروست كردووە بۆ ئەوەی پێش لە هەرهێرشێك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگرێت.''
KDP-
