مەخموورییەکان: بەبێ پێشمەرگە ناگەڕێینەوە

مەخموورییەکان: بەبێ پێشمەرگە ناگەڕێینەوە
بە ھۆی ڕەفتارەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە، ئاوارەکانی مەخموور ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و مامۆستایەکی زانکۆ کە خەڵکی قەزای مەخموورە دەڵێت، زۆرینەی ئاوارەکان بە مەرجی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ شارەکەیان دەگەڕێنەوە.

زۆرینەی ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبییەوە ناگەڕێنەوە شوێنەکانیان، دانیشوانی قەزای مەخمووریش تەنیا ئامادەن لەگەل گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان. لەم بارەیەوە، (سیروان حەسەن)، مامۆستای زانکۆ و خەڵکی قەزای مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''زۆرینەی دانیشتوانی مەخموور بە ھۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژانی ڕابردوو و ھێرشی ھێزە عێراقییەکانەوە ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ ھێشتووە و بەرەو ھەرێمی کوردستان ئاوارە بوونە، بەداخەوە ڕەوشی ئاوارەکانی مەخموور خراپە، چونکە بەشێک لە ئاوارەکان شوێنی نیشتەجێبوونیان دەست ناکەوێت و توانای بەکرێگرتنی خانوویان نییە، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە مەخموور، زۆرینەی ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە و تەنیا ھێزەکانی ئەمنییەکان و دەزگە ئیدارییەکان بگەڕێنەوە بۆ مەخموور، بەشێک لە ئاوارەکان ئامادە نین، بگەڕێنەوە.''
لە لێدوانێکی پێشوودا، (ڕزگار محەمەد)، قایمقامی قەزای مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: ''بە ھۆی ھێرشی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە ٨٠%ی خەڵکی مەخموور ئاوارە بوونە و ھێزەکانی عێراق دەستیان کردووە بە تالانکردنی بەشێک لە ماڵەکانی ھاووڵاتیان.''

ھەر سەبارەت بەو پرسەوە، (سیروان حەسەن) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''خەڵکی مەخموور نیگەرانن لە ھاتنی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان، چونکە ئەو ھێزانەی ئێستا لە نێو قەزای مەخموورن، دەستیان ھەبووە لە تالانکردنی ماڵی ھاووڵاتییان و دووکان و بازاڕی شارۆچکەکە.''

KDP-
Top