سەرپەرشتیاری پێشووی ئەنجومەنی ئاساییشی ئیسڕائیل: دەوڵەتی کوردستان دروست دەبێت
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ناوەندی هاوکاریی کلتووریی جووەکان بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا بەشداری لە مێزگردێکی زانستی لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای ڕۆژهەڵاتناسی، تایبەت بە توێژینەوە و پێگەیاندنی پسپۆڕی زانستی لە ڕووسیا کرد. مێزگردە زانستییەکە لە ژێر ناونیشانی (بەرەوپێشبردنی پێکەوەکارکردنی ڕووسیا و ئیسرائیل، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بە تایبەتی لە سووریا و هەرێمی کوردستاندا) بوو.''
زۆر میوانی جوو و پسپۆڕی ڕووسیایی و نەتەوەکانی دی بەشدارییان تێدا کرد. یەکێک لە بەشداربووە سەرەکییەکان، (ئۆزی دایان)، جەنەڕاڵی سوپای ئیسرائیل و سەرپەرشتیاری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل بوو.
زۆر بابەتی گرینگ و هاوبەشیان گفتوگۆ کرد سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئەم وڵاتانە لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی ڕووسیا وەک یەکێک لە زلهێزەکانی دنیا و دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک یەکێک لە دەوڵەتە بەهێز و کاریگەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە کۆتاییی وتەکانیدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: ''ئیسرائیل هەموو شتێک دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دروست بێت، دڵنیاشتان دەکەمەوە ئەم دەوڵەتە هەر دروست دەبێت.''
(دانەر ئەبووبەکر)، بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی ئەم چالاکییە زانستی و سیاسییەی جووەکانی ڕووسیای کرد بە وتارێکی بابەتی لەسەر هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بارودۆخەی لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروست کراوە لە لایەن حکوومەتی عێراق و وڵاتانی ئێران و تورکیاوە دژ بە کوردستانیان و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی و سووتاندی ماڵ و ئاوەرەکردنی هەزاران کورد لە کەرکووک و دووزخورماتوو و ناوچەکانی تر، ئەمە جگە لە شەهیدکردنی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، لەوانە کامێرەوانی کوردستان تیڤی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە بەرچاوی منداڵ و خێزانەکەی و گوتیشی: ''جێگای ئاماژە پێکردنە وتارەکەمان زۆربەی زۆری ئامادەبووانی تووشی شۆک کرد و بە کارێکی قێزەون و دوور لە مرۆڤایەتییان لە قەڵەم دا و، هەر لە دوای تەواوبوونی وتارەکەمان زۆربەی ئامادەبوان و (ئوزی دایان) گوتیان، دەوڵەتی ئیسرائیلیش بەبێ قوربانی دروست نەبووە و خۆڕاگریمان دەمانگەیەنێتە ئامانجەکەمان کە سەربەخۆییی کوردستانە.''
KDP-
