مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ھەڵوەشایەوە و مانگی ئادار كۆنگرە دەبەسترێ
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە کۆی دەنگ بڕیاری ئەوە دراوە مەکتەبی سیاسی ھەڵبوەشێتەوە".
گوتیشی "دوای ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی، تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بڕیاری ئەوەیان داوە ڕۆژی یەكی ئاداری داهاتوو، یەکێتی کۆنگرەی ئاسایی خۆی ببەستێت".
ئەوەشی خستەڕوو كە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە و زەمینەسازی بۆ بەستنی کۆنگرە دەکات.
ئەندام سەرکردایەتیەکەی یەکێتیی ئاماژەی بەوەش کرد "دوای ھەڵوەشاندنەوەی مەکتەبی سیاسی ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی ڕەزامەندی خۆیان نیشان داوە کە کۆسرەت ڕەسوڵ تا ڕۆژی بەستنی کۆنگرە وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی مامەڵە لەگەڵ ئۆرگانەکانی یەکێتی بکات.
باسنیوز
