حكوومه‌تى عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیار له دژى دانیشتوانى خانه‌قین ده‌رده‌كات
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ موسته‌فا، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و به‌رپرسی لقى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له خانه‌قین ڕای گه‌یاند: "ئێستا بارودۆخى ئه‌منى خانه‌قین له بارودۆخى كه‌ركووك خراپتره و ئه‌و ماڵانه‌ى له خانه‌قیندا ماونه‌ته‌وه ناتوانن بێنه ده‌ره‌وه، چونكه هه‌ندێ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر به‌كار ده‌هێنرێ، هه‌وره‌ها ئه‌وانه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه خانه‌قین گه‌ر سه‌ربه‌خۆیان نه‌بن ئه‌وا ناتوانن بمێننه‌وه".
ڕوونیشى كرده‌وه، كه ئێستا دادگاى خانه‌قین خراوه‌ته سه‌ر دیاله و ده‌ست كراوه‌یان كردووه بۆ هه‌ر بڕیارێك، هه‌روه‌ها ڕێگه‌یان به عه‌ره‌به كۆنه‌كانى 2003 داوه تا بگه‌ڕێنه‌وه خانه‌قین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هانى عه‌ره‌به‌كان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سكاڵا له‌سه‌ر جوتیارانى كورد تۆمار بكه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و جووتیارانه‌ى زه‌وییه‌كانى ئه‌وانیان به‌كار هێناوه داواى قه‌ره‌بوویان لێ ده‌كه‌ن.
شێخ جه‌عفه‌ر ده‌شڵێت: "ئه‌و كاته‌ى مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عێراق بوو زۆر داوامان كرد كه ئه‌و زه‌ویانه‌ى له‌كاتى ته‌عریبی سه‌دام هى كورد بوون و خرابوونه سه‌ر ناوى عه‌ره‌ب بۆ كورده‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه، به‌ڵام داواكه‌یان دواخست و نه‌كرا، بۆیه ئێستا عه‌ره‌به‌كان كێشه بۆ جووتیاران و خه‌ڵكى خانه‌قین دورست ده‌كه‌ن".
به‌رپرسی لقى پارتى له خانه‌قین جه‌ختیشى كرده‌وه، كه هیچ هێزێكى یه‌كێتى و پارتى و لایه‌نه‌كانى دیكه له خانه‌قین نه‌ماوه و ئاڵاى كوردستانیش له‌سه‌ر بیناى قایمقامییه‌ت هێنراوه‌ته خواره‌وه و قایمقامیش گۆڕدراوه.
گوتیشی: "حه‌شدى شه‌عبی به یه‌كێتى گوتووه ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت ئاسایشی یه‌كێتى ده‌خه‌نه سه‌ر حه‌شدى شه‌عبی"، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پۆلیسى خانه‌قینیش ئێستا خراوه‌ته سه‌ر پۆلیسى فیدراڵى دیاله.
ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه ناونووسینى خه‌ڵك بۆ پۆلیسى فیدراڵى و حه‌شدى شه‌عبی ده‌ستى پێ كردووه و تا ئێستا 100 كه‌س ناویان نوسیوه، ده‌شڵێت: "له خانه‌قیندا حه‌شدى شه‌عبی به دواى ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه پارتین، یان به‌شداریان له خۆپیشاندانه‌كان كردووه، له‌كاتى ده‌ستگیر كردنیان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ"، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه حكوومه‌تى عێراقى بڕیارى داوه هه‌ر مامۆستایه‌ك پابه‌ندى ده‌وامه‌كه‌یان نه‌بن ته‌نیا له ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌دا ده‌رده‌كرێن، ئه‌وه‌ش كێشه‌ی دروست كردووه، چونكه به‌شێك له ئاواره‌كان پیشه‌یان مامۆستایه.
باس‌نیوز
