فرسەت سۆفی: سەرۆک بارزانی پێش ڕیفراندۆم بڕیاری دابوو لە پۆستەکەی بەردەوام نەبێ

 فرسەت سۆفی: سەرۆک بارزانی پێش ڕیفراندۆم بڕیاری دابوو لە پۆستەکەی بەردەوام نەبێ
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک بارزانی دەیتوانی لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو خۆی پێشتریش نەیویستووە بەردەوام بێت.

لە وتارێکدا بە ناوی (بۆچی سەرۆک بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بەردەوام نەبوو؟)، فرسەت سۆفی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە: ”سەرۆک بارزانی سەرکردە و ڕابەرێکی مێژووکردە و بەشێکی کاریزماکەی لە باپیرانیەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە لەسەر ئاستی جیھان کەمن ئەو خانەوادانەی نەوە دوای نەوە ڕابەرایەتیی خەباتی شۆڕشگێری بکەن و کۆڵ نەدەن، بەشەکەی دیکەی کاریزمای سەرۆک بارزانی پەیوەستە بە خودی خۆی کە ھەڵگری کۆمەڵێک سیفاتی زۆر تایبەتە و تەنھا لە کاریزمای بارزانیدا بەرجەستە دەبن“.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە سەرۆک بارزانی ھەمیشە خۆی بووە و هەرگیز لە ژیانیدا نەیتوانیوە نمایش بکات، ھەر بۆیە لەھەر دەرکەوتنێکی دا خەڵک بە ئاسانی خوێندنەوەی لە ڕووخساری ئەو بۆ رەوشەکە کردووە، ئەمەش نیشانەی ئەوپەڕی راستگۆییە لە گوتاری سیاسیی سەرۆک بارزانی. هەروەها نووسیویەتی: ”سەرۆک بارزانی ھەستێکی تایبەتی ھەیە بەرامبەر پێشمەرگە و کەس و کاری شەھیدان، جارێک گوتی زۆربەی ئێواران کە دەچمەوە پێنج تا دە خانەوادەی شەھیدان چاوەڕوانم دەکەن، گوتی چەندی شەکەت و ماندووش بم، ناتوانم نەیان بینم“.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا فرسەت سۆفی باسی لەوە کردووە کە سەرۆک بارزانی بەهۆی بەهێزیی باوەڕی ئاینی، تەنھا بۆ خۆی و خودای خۆیەتی نەک بۆ ریایی کە هیچ کات ھاوسەنگەرەکانی لە یاد ناکات. ”ئەمانە و چەندین سیفاتی دیکە، ئەو تایبەتمەندییانەن کە تایبەتن بە سەرۆک بارزانی و بوونی سەرۆک لە سەر کورسیی سەرۆکایەتی یان نەبوونی لە سەر کورسی، ئەمانە بە نەگۆڕی دەمێننەوە و ئەو وەک رابەرێکی گەورە خاوەن کاریزمای خۆیەتی“.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە سەرۆک بارزانی دەمێکە دەیەوێت کورسیی سەرۆکایەتی جێ بھێڵێت و دەڵێت: ”شەڕی داعش نەبووایە لە 2015 سەرۆک کۆتایی پێھێنابوو، بەڵام زۆر بەرپرسانە بڕیاری دا و خۆی فەرماندەیی شەڕی کرد، جار ھەبووە دوو شەو نەخەوتووە، یان کە خەوتووە لە ناو مەتارێزی پێشمەرگە خەوتووە، یان لە ناو ئۆتۆمۆبێل خەوتووە، تا گەورەترین سەرکەوتن تۆمار کرا. چەندین جار خۆم گوێم لە جەنابی بووە، گوتوویەتی ریفراندۆم تەواو ببێت، ئیتر ئەرکی من وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و بڕیاری خۆم داوە، چەند جارێک وتاریش ئامادەکراو تەنانەت جارێک تۆماریش کرا، بەڵام خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر دیسان بڕیارەکەی دواخست، تا لە 28ی ئۆکتۆبەر بڕیاری دا و نامەکەی خۆی ئاراستەی پەرلەمان کرد“.

هێماشی بۆ ئەوە کردووە کە سەرۆک بارزانی دەیتوانی بە بڕیاری ئەنجومەنی شورا تا هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە پۆستەکەی بەردەوام بێت، بۆیە: ”ئەگەر سەرۆک بارزانی یەک تۆزقاڵ حەزی بۆ ئەم کورسییە ھەبووایە، بڕیاری بەردەوام بوونی دەدا، چونکە لەم قۆناغەدا بەردەوامبوونی سەرۆک خواستی زۆربەی ھێزە سەرەکییەکان بوو“.

لە کۆتاییشدا فرسەت سۆفی دووپاتی کردووەتەوە: ”بڕیاری بەردەوام نەبوونی سەرۆک بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکە لە قەناعەت و باوەڕی سەرۆک سەرچاوەی گرتووە، کە نابێ سەرۆکی ھەتا ھەتایی ھەبێت و دەبێ ھەرێمەکەمان نموونەیەکی جوانی دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات بێت، بۆیە لە دوای ئەم بڕیار و باوەڕەی سەرۆک، ئیتر ھیچ پەراوێزێک بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نەماوەتەوە کە کاریزمای سەرۆک بارزانی تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و حزبی بکەن و دەبێ ھەموومان وەک شکۆی گەلێکی ئازادیخواز لە سەرۆک بارزانی بڕوانین. ئەگەر دوژمنانی گەلی کوردستان پێیان وایە بەردەوام نەبوونی سەرۆک لە کورسیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بە مانای کۆتایی ھاتنە بە کاریزما و ڕۆڵی مێژوویی ئەو لە ڕووداوە سیاسییەکان، ئەمە تێفکرینێکی زۆر کاڵفامانەیە و پێگەی گەورەی سەرۆک و مەرجەعیەت و کاریزمای ئەو لێرەوە زۆر لە جاران کاریگەرتر دەبێت“.











باسنیوز
Top