بانگخوازێکی ناوداری ئیسلامی: کورد بە رەگەزپەرستەکان دەورە دراوە

 بانگخوازێکی ناوداری ئیسلامی: کورد بە رەگەزپەرستەکان دەورە دراوە
شێخ عەلی جفری، زانا و بانگخوازی ناوداری ئیسلامی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، باس لە رەگەزپەرستیی ئەو نەتەوانە دەکات، کە کوردستان بەسەر وڵاتەکانیاندا دابەش کراوە.

شێخ عەلی جفری پێی وایە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب ”رەگەزپەرستی وەحشەتناک“ن و چواردەوری کوردستانیان داوە و کێشەی زۆریان بۆ کورد و ناوچەکە دروست کردووە.

ئەو زانا ئیسلامییە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەریتانیا و فەرەنسا بە رێککەوتنی سایکس بیکۆ لە ساڵی 1916، رێزیان لە کورد نەگرت و بەسەر چوار وڵاتی عێراق، ئێران، تورکیا و سووریا دابەش کرد.

هەروەک شێخ عەلی جفری رایگەیاندووە، نەتەوە رەگەزپەرست و شۆڤێنییەکانی فارس، عەرەب و تورک بیانووی موسڵمان بوون و دابەشنەکردنی موسڵمانان بۆ گەلی کوردستان دەهێننەوە و رێگا بە سەربەخۆیی کوردستان نادەن، لە کاتێکدا خۆیان خاوەنی دەوڵەتن و نایانەوێ موسڵمانانی وڵاتەکانیان یەک بگرن.

ئەو بانگخوازە ئیسلامییە نموونەیەکی رەگەزپەرستیی عەرەب بەرامبەر کورد باس دەکات و رایدەگەیەنێت، کە سەڵاحەدینی ئەیوبیی سەرکردەی ناودار جیهانیی ئیسلامی کورد بووە و عەرەب دەیەوێ ناسنامەی عەرەبایەتی بداتە پاڵ، ”گەیشتووینەتە راددەیەک، نەک کورد خۆی، ئەوەی هەشیانە بیکەینە هی خۆمان“.

شێخ عەلی جفری، لە ساڵی 1971 لە شاری جەددە لە سعودیە لە دایک بووە و بە رەگەز خەڵکی یەمەن. یەکێکەلەو زانا بەناوبانگانەی ئیسلامی، کە هەوڵدەدات پەرە بە بڵاوبوونەوەی ئیسلامی میانڕەو و شەڕنەویست، بدات.









باسنيوز
Top