پۆستەکانی پارتی لە پۆلیسی کەرکووک دەدرێتە کەسانی عەرەب

 پۆستەکانی پارتی لە پۆلیسی کەرکووک دەدرێتە کەسانی عەرەب
پۆستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک دەدرێتە کەسانی عەرەب.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، لە کۆی 19 پۆستی پارتی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک، چواریان دراوەتە ئەو کوردانەی بەشدارییان لە رادەستکردنی شارەکە بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە، کە ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.

هەروەک ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، دوای داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە، 15 پۆستی پارتی لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک دراوەتە کەسانی عەرەب.

دوای داگیرکارییەکە، حکوومەتی عێراق بەشداریی کوردی لە ئیدارەی شارەکە کەم کردووەتەوە و شارەکەی بە تەواوی داوەتە دەست کەسانی رەگەزپەرستی عەرەب و تورکمان.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.









باسنيوز
Top