موسەننا ئەمین بۆ پەرلەمانتارێکی گرووپەکەی یەکێتی: مەبە بە محامیی عەرەب و تورکمان
لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (کوردسات نیوز)ی سەر بە یەکێتی، د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاشکرای کرد کە سەرجەم سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە یەک دەنگ دەڵێن ”ڕیفراندۆمیش نەکرایە، عێراق بە خۆشی یان ناخۆشی، هەر بۆ ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین دەگەڕایەوە“.
هەر لە بەرنامەکەدا شوان داودی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی کە پێشتر وێنەی لەسەر مێزی نانخواردن لەگەڵ بەرپرسانی هێزە داگیرکەرەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بڵاوکرایەوە، باس لەوە دەکات کە دوو لێدوان لە بەرپرسی یەکەمی هەرێمی کوردستانەوە ”ئیستفزازی دروست کردووە“. لە بەرامبەریشدا موسەننا ئەمین دەڵێت: ”سەد لێدوانی لەو شێوەیەیان دا و ئەوانیش وایان گوت، بۆچی تۆ دەبیتە محامی عەرەب و تورکمان؟ بۆ قسەکانی ئەوان نابێ حاڵەتی لەم شێوەیە دروست بکات؟ ئەم عەقڵیەتەی ببێ بە محامی تورکمان و عەرەب لەسەر حیسابی کورد بۆ ئێمە زەحمەتتر دەبێت“.
هاوکات داوا لە پەرلەمانتاری گرووپەکەی یەکێتی دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”گلەیی لەو نوێنەرانەی یەکێتی بکەن کە هەڕەشە لە کوردستان کرا، سەری خۆیان کز کرد و بێدەنگ بوون“. ئامۆژگاریشی دەکات کە نابێ پەرلەمانتارانی کورد ببنە محامی هیچ کەسێک و ئەگەریش بڕیار بێت ببن بە پارێزەری لایەنێک، ئەوا ”دەبێ محامیی میللەتەکەی خۆمان بین نەک عەرەب و تورکمان، خۆ عەرەب و تورکمان ئێمەیان هەڵنەبژاردووە“.
هەر لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا هێنانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم دەدات و باس لەو تاوانانە دەکات کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەدژی کوردانی ئەو سنوورە کردوویانە. لە کۆتاییشدا بەرنامەکە جێدەهێڵێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
