کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بە رێككەوتنە سیاسییەكانەوە بەستراوە

 کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان بە رێككەوتنە سیاسییەكانەوە بەستراوە
وەزیری گواستنەوە ‌و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند هەوڵەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە ‌و دەشڵێت "دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە رێككەوتنی سیاسی هەولێر ‌و بەغدا".

مەولوود باوەمراد، وەزیری گواستنەوە ‌و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەپێناو دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بە بەردەوام پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ‌و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقیەوە دەكەین، بەڵام هەوڵەكانمان ئەنجامێكی نەبووە".

وەزیری گواستنەوە ‌و گەیاندنی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە وەڵامی بەغدا بۆ هەوڵەکانیان گوتی: "هەموو جارێك پێمان دەڵێن راگرتنەكە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، واتە دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان بەستراوەتەوە بە رێككەوتنە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستان ‌و عێراق، كەی ئەنجامێكی هەبوو ئەوكاتە گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە".

مەولوود باوەمراد، ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە گرێبەستی كاركردنی جۆراوجۆریان لەگەڵ فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان هەیە، بەهۆی راوەستانی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان، تووشی زیانێكی زۆر بوون، گوتیشی "رۆژ بەرۆژ قەبارەی زیانەكانیان زیاد دەبێت، هەر بۆیە ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین، بەڵام تاوەكو بەغدا‌ و هەولێر نەگەنە رێككەوتنێكی سیاسی نوێ ،‌ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمی كوردستان ئەگەرێكی دوورە".

ئێوارەی رۆژی هەینی 29-9-2017، حكومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەبەرامبەر ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری كوردستان، پەرلەمانی عێراقی 12بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان پەسند كرد، كە یەكێكیان راگرتنی گشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر ‌و سلێمانی بوو.



رووداو-
Top