كەركووك.. ناوی شەقامێك لە شەهید شێركۆوە بۆ كوژراوێكی توركمان دەگۆڕدرێت

 كەركووك.. ناوی شەقامێك لە شەهید شێركۆوە بۆ كوژراوێكی توركمان دەگۆڕدرێت
بەرپرسێكی حزبی لە كەركووك ڕای دەگەیەنێت، تەعریبێكی چڕ لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە كەركووك دەستی پێكردووە.



كاوە ئەحمەد، كارگێری لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی پرۆسەیەكی چڕی تەعریبی لە كەركووك دەست پێكردووە و ئێستاش دەستیان كردووە بە گۆڕینی ناوی شەقامەكانی كەركووك كە ژمارەیەكیان بەناوی فەرماندە شەهیدە پێشمەرگەكانەوە كرابوون و لە دوایەمین كردەوەشدا تابلۆی ناوی شەقامی شەهید (شێركۆ شوانی)یان لاداوە کردوویانە بەناوی كوژراوێكی حەشدی توركمانییەوە".



ئەو بەرپرسە، گوتیشی: "چەكدارانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، وێنەكانی سەرۆك بارزانیشیان لاداوە، كە خەڵك لە خۆشەویستی سەرۆكەكەیان لە چەندین شوێنی ناو كەركووك وێنەیان دانابوو".



ڕوونیشی كردەوە: "دوای ساڵی 2003ەوە 550 قوتابخانەمان هەبوو لە كەركووك كە خوێندن تێیدا بە زمانی كوردی بوو و تا 15ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، ئاڵای كوردستان لەسەر ئەو قوتابخانانە دانرابوو، بەڵام حەشدی شەعبی ئاڵاكانی كوردستانی لەسەر ئەو قوتابخانانە لاداوە و ئاڵای عێراقیان لە شوێنەكەی داناوە".



ئاكراشی كرد: "فەرماندەی سەربازیی كەركووك، ئاڵای كوردستانی لە سەر قوتابخانەی 11ی ئاداری كچان هێنایە خوارەوە و ئاڵای عێراقی لەسەر دادەنا و پاشان قوتابیانی قوتابخانەكە ئاڵاكەی عێراقیان لادا و ئاڵای كوردستانیان دانایەوە".



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، سوپای عێراق، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ئەو سنوورەیان داگیر كرد و هەزاران هاووڵاتیی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد.






بسنیوز
Top