نوێترین زانیاری لەبارەی پێکدادانەکەی شەوی ڕابردووی نێوان قەرەهەنجیر و حەشدی شەعبی
سەید کەریم، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قەرەھەنجیر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، شەوی ڕابردوو، چەند کەسێک چوونەتە سەر هێزێکی بچووکی حەشدی شەعبی کە لە گوندی (زەنگەنە) لەنێوان بازگەی چیمەن و قەرەهەنجیر وەستاون و تەقەیان لێ کراون. گوتیشی: ”هەمەرەکان نەسووتاون، بەڵام حەشدی شەعبی دوو برینداری هەیە کە لەنێو هەمەرەکاندا بوون، لە بەرامبەریشدا چەکدارانی حەشدی شەعبی بە چواردەوری خۆیاندا بە چەکی (دۆشکە) تەقەیان کردووە“.
سەید کەریم ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە دوای ڕووداوەکە، حەشدی شەعبی چەند هەمەرێکی لە کەرکووکەوە ناردووە و بە نیازبوون بچنە نێو قەرەهەنجیرەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەڕێوەبەری شارەدێیەکە قسەی لەگەڵ کردن، ”نەهاتن“، بەڵام بیندارەکانی حەشدی شەعبییان بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاری لە شاری کەرکووک گواستەوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونی کردەوە: ”ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە، ناسراو نین، بەڵام بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر گوتوویەتی کە ئەو کەسانە دەناسن و گوایە زانیارییان هەبووە کە تەقە دەکرێ“.
هەر لەمبارەیەوە عەقید ئیدریس ڕەفعەت، بەرپرسی بەشی حەرەکات لە ئاسایشی کەرکووک، ڕاگەیاند: "لە زۆربەی شوێنەکانی کەرکووک پەلاماری حەشدی شەعبی دەدرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە خەڵکی سنوورەکە بوونی حەشدی شەعبی قەبوڵ نییە“.
لە بەرامبەردا ئاڤێستا شێخ محەمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەهەنجیر کە خۆی لەگەڵ ئەو گرووپەیە کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، لە لێدوانێکیدا بە توندی هێرشی کردە سەر پێشمەرگە خۆبەخشەکان و بە ”ئاژاوەگێڕ“ وەسفی کردن و هیچ ئاماژەیەکیشی بە کاردانەوەکەی حەشدی شەعبی بۆ هێرشکردنە سەر قەرەهەنجیر ڕانەگەیاند.
باسنیووز
