سەرکردایەتیی یەکێتی ڕادەستکردنی کەرکووک لە لایەن گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر تاوتوێ دەکا
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەممە 4/11/2017، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بەڕێوە دەچێت و یەکێک لە تەوەرەکان پرسی ڕادەستکردنی کەرکووکە لەلایەن ئەو گرووپەی لە 16ی ئۆکتۆبەردا ڕێککەوتنی ژێر بەژێریان جێبەجێ کرد و حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانییان بردە ناو کەرکووک. ئەگەریش هەیە لەئەنجامی ڕاپۆرتی ئەو لێژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕادەستکردنی کەرکووک پێکهێندرابوو، چەند بەرپرسێکی ئەو گرووپەی یەکێتی کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد، سزا بدرێن.
لەمبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتی ڕاگەیاند: ”هیچ بەرنامەیەکی تایبەت بۆ سزادانی هیچ بەرپرسێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا نییە“. گوتیشی: ”بەشێوەیەکی گشتی قسە لەسەر بابەتەکان دەکرێ، پرسی دەست پێکردنی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش تاوتوێ دەکرێت“.
لەلایەن خۆشیەوە ڕەھبەری سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتییە لە پاش کۆچی دوایی مام جەلال، دوو تەوەری سەرەکی لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێت، یەکەمیان گفتوگۆ کردنە لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان، دووەمیان قسە کردنە لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی". ڕوونیشی کردەوە کە زانیاری لەسەر ئەوە نییە کە ئاخۆ هیچ یەکێک لە بەرپرسەکانی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەسەر ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر سزا دەدرێن یان نا.
باسنیوز
