بەرپرسێک: پاسەوانانی فوئاد مەعسوم ناتوانن خۆشیان بپارێزن نەک کوردانی خورماتوو
ئەرسەلان عەلی داودی، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە خورماتوو ڕاگەیاند، چەکدارانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە وێرانکردن و سووتاندنی ماڵی هاووڵاتییانی کورد و تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی کوردی خورماتوو.
ئەرسەلان عەلی داودی لەبارەی دەنگۆی چوونی فەوجێکی پاسەوانانی فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئارامکردنەوەی رەوشی خورماتوو و پاراستنی هاووڵاتییانی کورد، رایگەیاند، ”ئەوان نەیانتوانی خۆیان لە چەکداران بپارێزن و ژمارەیەک سەربازیان رفێندران، چۆن هاووڵاتییان دەپارێزن؟“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنیووز
