کەرەم: ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات

کەرەم: ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بەغدا بە ھەموو شێوەیەک دەستووری پێشێل کردووە و ئێستا لەجیاتی ھەرێم، وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیری لە عێراق ناکات و پشتی ھەرێمی کوردستان دەگرێت.

غروورێک بەغدای گرتووە لەوەی دەیەوێت بەزۆر دەسەڵاتی خۆی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و گوێ بە دەستووریش نادات و وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، نەک وەکو ھەرێم کە لە دەستوور ھاتووە، لەوبارەیەوە (د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەغدا بە ھەموو شێوەیەک دەستوور پێشێل دەکات و لە بەرژوەندیی خۆی بەکاری دێنێت، چونکە لە پڕۆژە یاسای بوودجەدا لەخۆیەوە بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە ١٣% کەم کردووەتەوە و ناوی ھەرێمی کوردستانی لابردووە و کردوویەتە پارێزگاکان، کە ئەمانە پێچەوانەی دەستوورن و لە دەستووردا ڕێگە پێدراو نین، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.''

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەکو وڵاتانی ڕووسیا، فەرەنسا، ئەمەریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێویستە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارە بکرێن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا و ھەرێمی کوردستانیش لەسەر داوای ئەوان ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سڕ کرد و دەستپێشخەریی بۆ گفتوگۆ کرد و سەرۆکی ڕووسیاش ھەر لە سەرەتای ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای کرد، کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و سەرۆکی فەرەنساش دوو جار پەیوەندیی تەلەفونیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجام داوە و داوای کردووە مافی ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانیش بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە بەیاننامەیەکدا پشتگیریی خۆی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و باسی لەوە کرد، کە ئەوان پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێم دەکەن و مامەڵەشیان لەگەڵ دەکەن و داوا دەکەن کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، بەڵام بەغدا تاوەکو ئێستا ئامادەی گفتوگۆ نییە.

ھەر دوێنێ ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانیی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی و باسیان لەوە کرد، ''ھەرێمی کوردستان دۆستی ئێمەیە و پێویستە لە ھێرشەکانی عێراق بیانپارێزین و پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ژێر کاریگەریی ئێران دەربچێت، چونکە وەکو خۆیان باسیان کرد، کورد ھاوپەیمانی ئەمەریکایە و ئەو فەرماندانەی حەشدی شەعبی و ئێران، کە ئەمەریکا بە تیرۆرستی دەزانێت، ھێرشیان کردووەتە سەر ھاوپەیمانی ئێمە.''

لەبارەی ڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، (د. عەرەفات کەرەم) لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد، پێشتر ڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ بەغدا بوو، بەڵام ئێستا کە بەغدا دەستوور پێشێل دەکات و ئامادەی گفتوگۆ نییە، پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕای ئەوان پێچەوانە بووەتەوە، چونکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمەریکا باس لەوە دەکات، پێویستە گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدادا بکرێت و باسیان لەوەش کرد، کە ''بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی لە حکوومەتی ھەرێم دەکەین''، ئەمە پشتگیرییەکی باشە و دۆخەکە بەم شێوەیە بۆ عێراق نابێت.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، ئەو گوتی: ''گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەست پێ دەکەنەوە و زۆر خاڵی گرنگ ھەیە، پێویستە چارەسەر بکرێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، چونکە ئەگەر بە پێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە.''
ئەم کاردانەوەی ئەمەریکاش دوای ئەوە ھات، کە حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی ئێران ھێرشی کردە سەر ھەرێمی کوردستان بەو چەکانەی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش دابوویە حکوومەتی عێراق .

kdp-
Top