شارەزایان: کورد پاشەڕۆژێکی روونی هەیە و سەردەکەوین
(موسلیح ڕەجەب) ئەندامی سەركردایەتی حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ" بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان بە هەزاران شەهیدمان داوە، دەریایەك خوێنمان داوە بۆ ئەوەی ئەزموونی كوردستان بپارێزین و سەربەخۆ بین، بۆیە ئێمە ئەوانە ڕیسوا دەكەین كە بوونە هۆكاری هاتنە پێشەوەی ئەو بارودۆخە، حكوومەتی هەرێم ریفراندۆمی سڕكردووە، بەڵام حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ڕازی نییە، ئەو شەڕەی ئێمە دەكەین دەبێت بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان بێت، چونكە ئێمە تەنیا داوای مافی خۆمان دەكەین، كەچی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر شەڕمان پێ دەفرۆشن، لەگەڵ ئەوەش دەبێت وڵاتانی زڵهێز بێنە سەر خەت و ددان بە مافەڕەواكانی هەرێمی كوردستان بنێن.
(موسلیح ڕەجەب) دەشڵێ" دەبێت ئەمڕۆ هەموومان خۆ بكەینە یەك و یەكڕیزی خۆمان بپارێزین، تا ئێمە بتوانین لەو قۆناغە خۆ ڕزگار بكەین، چونكە ئەگەر ئێمە یەكڕیز و یەكگرتوو بین كەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنێت، بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژی یەكڕیزی و یەكگرتنی گەلی كوردە، چونكە ئەگەر یەكگرتوو بین دەتوانین بەسەر هەموو كێشەكاندا زاڵ بین، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێك نەماوە بەناوی حكوومەتی عێراق، ئەگەر كورد خۆڕاگر بێت، وڵاتانی دەوروبەر تا سەر پشتگیری لە عێراق ناكەن و پشتگیری لە هەرێمی كوردستان دەكەن و كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی دەگات، پاشەڕۆژ بۆ خەڵكی كوردستانە، بۆیە خەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەمەوە هێزی پێشمەرگە لێ ناگەڕێ هیچ هێزێكی دەرەكی دەست بۆ خاكی پیرۆزی كوردستان درێژ بكات.
(د.عەبدولحەكیم خەسرۆ)، پسپۆر لە زانستە سیاسییەكان و شڕۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاركرد" ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی كێشەكان بە گفتوگۆ چارە بكرێن، چونكە ئەو كێشانە بە شەڕ چارە ناكرێن، هەر شەڕێكی دیكە هەبێت لەوانەیە كێشەكان قولتر و گەورەتر بكات، ڕێككەوتن و تەفاهوم كەمتر دەبێت، بۆیە ئەوەی گرنگە سەبارەت بە گەلی كورد، ئێستا ئەوەیە كە ئالیەتی ئەو گفتوگۆیە بەڕاستی دەبێت گۆڕانكاری بەسەردا بێت، تا ئێستا ڕاستە ئاگر بەست و ئەوانە هەیە، وەكو باسیشم كرد ڕاستە ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام ئەو جۆرە گفتوگۆیەی كە بەغدا دەیەوێت لەگەڵ ئێمە بكات، جێگەی قبووڵ نییە، چونكە ئەوە گفتوگۆ و دانوستاندن نیە كە ئەوان دەیانەوێت، بەڵكو بریتیە لە سەپاندنی كۆمەڵێك مەرج، كە ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە تۆ بڕیارت دابێت دانوستاندن بكەی، یان بەلایەنی كەم ڕێككەوتن بكەی بۆ چارەكردنی كێشەكان، ئەمە خاڵێكە دەبێت قسەی لەسەر بكەین، واتە تا ئێستا ئەو ئیرادە نێودەوڵەتییە هەیە، ئیرادەكە لە هەرێمی كوردستان وجودی هەیە، بەڵام تا ئێستا ئاماژەیەكی ئیجابی لە بەغداوە نییە كە ئالیەتی دانوستاندن و گفتوگۆ گۆڕانكاری بەسەردا بێت".
kdp-
