بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا پشتیوانیان بۆ کورد راگەیاند

بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا پشتیوانیان بۆ کورد راگەیاند
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا رایدەگەینێ کە چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە لە نێویاندا سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەڕەنسا و چەندان پەرلەمانتار و دۆستی گەلی کورد، بانگەوازیان بۆ حکوومەت و سەرۆکایەتیی فەڕەنسا کرد کە تا زیاتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکەن.

(د.عەلی دۆلەمەری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە پاریس پانێڵێک بۆ پشتیوانی کوردستان ئەنجامدرا کە تێیدا سەرۆکی شارەوانی پاریس و، (مانوئێل ڤالس) سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەڕەنسا و ئەندام پەرلەمان لە لیستی پارتی سوسیالیست و ، سیناتور (رێمی فێرود) و ، (برنارد کوشنەر )و عەمید روکن (هەژار ) نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا و،( کەندال نەزان) و چەند سەرۆک شارەوانی دیکە و ژمارەیەک لە میدیاکانی فەڕەنسا و ژمارەیەکی دیکەی بەرچاوی کورد تێدا ئامادەبوون و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دەربڕی.

وەک نوێنەری حکوومەت لە فەڕەنسا رایگەیاند، لە دەسپێکدا فیلمی رزگارکردنی شاری مووسڵ نمایشکرا کە لە دەرهێنانی بیرمەندی فەڕەنسایی (بێرنارد لێڤی)ـیەو باس لە ئازایەتی پێشمەرگە دەکات لە چۆنیەتی رزگارکردنی شارەکە، دواتر لە پانێڵەکەدا سەرجەم ئامادەبووان پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی کورد دووپات کردەوە.
بەگوێرەی زانیاری (د.عەلی) ئامادەبووان گوتیان ناهێڵین کورد بکەوێت و فەڕەنسا دەبێ بەهەموو شێوەیەک زیاتر پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا ئامادەبووان واژۆیان کۆکردەوە و بانگەوازیان بۆ حکوومەت و سەرۆکایەتیی فەڕەنسا کرد کە دەبێ بە شێوەیەکی بەرچاوتر پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکەن تا لەو قەیرانە سەربازیی و سیاسییەی کە هەیە هەرێم رزگاری ببێ و کورد بە مافەکانی بگات.
kdp-
Top