قاسم شه‌شۆ: له‌به‌ر چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌س ناتوانێت هاتووچۆی شنگال بكات
قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی شنگالی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان گوتی: "داخستنی ڕێگای شنگال بۆ پارێزگای دهۆك كێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵكی شنگال درووست كردووه به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه گه‌ڕاونه‌ته سه‌ر ماڵه‌كانی خۆیان و له‌كاتی هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شنگال نه‌یانتوانیوه ناوچه‌كانیان جێبهێڵن".
گوتیشی: "ئێستا ژماره‌یه‌ك خانه‌واده له شنگال له‌ژێر ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی گیریان خواردووه و ناتوانن بۆ پێداویستی ڕۆژانه‌یان بچن بۆ مووسڵ و ڕێگای دهۆكیش له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه گیراوه و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن و هیچ شوێنێكیان نییه بۆی بچن به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی هاتوونه‌ته شنگال هه‌زاران كه‌س له ناوچه‌كه بێكار بوونه چونكه له‌نێو شنگال هیچ كارێك نییه و ڕێگاشیان پێ‌نادرێت بچنه دهۆك بۆ كاركردن.
باس‌نیوز
