پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکان: دەبێ گرەنتیی نێودەوڵەتی بە کورد بدرێت

پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکان: دەبێ گرەنتیی نێودەوڵەتی بە کورد بدرێت
پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان پێی وایە، عێراق کە ئامادەی جێبەجێکردنی دەستوور نەبووە، ئەگەر دانوستانەکانی لەمەودوای ھەرێم و بەغدا لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا نەبێت، ھیچ گەرەنتیەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتن نابێت و دەشڵێت، عێراق سوپایەکی یەکگرتووی نییە و لە چەند ھێزێکی جیاواز پێکھاتووە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ کاتێک ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەنگیان بۆ دەستووری ھەمیشەییی عێراق دا، ھیوایان بەوە بوو لە ڕێگەی ئاشتی و شارستیانانەوە مافە یاساییەکانیان بەدەست بێنن، بەڵام وەک چاودێران ئاماژەی بۆ دەکەن، عێراق ژمارەیەک ماددەی دەستووریی پێشێل کردووە و لەم بارەیەوە، (د. کاوان ئیسماعیل)، ڕاگری کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەددین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێش ھاتنی ھێرشی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان، چەندین جار سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان ئەوەی بە ئاشکرا ڕاگەیاندووە، چەندین ماددەی دەستووری عێراق لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێشێل کراون، دوای ھێرشەکانیش کێشەی نوێ پەیدا بوونە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، بە ھۆی ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو، ئەگەر ھەر دانوستانێک لەمەودوا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بکرێت بەبێ ھەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی جێگەی متمانەپێکردن نییە، کە عێراق ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات، لەبەر ئەوە پێویستە دانوستانەکان لەژێر چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیماناندا بێت.''

پەیوەست بە پرسی حەشدی شەعبی و پەرتەوازەییی ھێزە عێراقییەکان، (د. کاوان ئیسماعیل) دەڵێت: ''حکوومەتی عێراق لە بنەڕەتدا سوپایەکی یەکگرتووی بڕیار بەدەستی نییە، کە لە ناوەندەوە فەرمان وەربگرێت، بەڵکو ھێزی عێراقی پێکھاتووە لە سوپا و میلیشیاتی حەشدی شەعبی و چەند ھێزێکی دیکە، ھەتا وەک باس دەکرێت لەوانەیە چەکداری بیانیشی تێدا ھەبێت، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ھەر ڕێککەوتنێک لەبارەی ڕاگرتنی ئاگربەستەوە بێت، یان بۆ ھەر مەبەستێکی دیکە بێت، گەرەنتی نییە عێراق پێوەی پابەند بێت، بەتایبەتی لە ئێستاوە تا دەگەینە سەری ساڵی دابێ، پێویستە بە وریایی دانوستان لەگەڵ ئەو ھێزانەدا بکرێت.''
kdp-
Top