لە کۆنفرانسێکی کلێسای کاتۆلیکیدا بانگەواز بۆ پارێزگاریکردن لە کریستیان و کورد دەکرێت

 لە کۆنفرانسێکی کلێسای کاتۆلیکیدا بانگەواز بۆ پارێزگاریکردن لە کریستیان و کورد دەکرێت
لە پۆڵۆنیا لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی ''ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە نزیكکردنەوەی ئەورووپا''، کە لە کڕاکۆڤ بەڕێوە چوو تێیدا بانگەواز بۆ پارێزگاریکردن لە کریستیانەکان و کوردەکان لە هەرێمی کوردستان کرا.

(زیاد ڕەئووف)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی ''ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە نزیكکردنەوەی ئەورووپا''، کە لە کڕاکۆڤ بەڕێوە چوو بەشداری کرد. ئەوە حەڤدەهەمین جارە ئەو کۆنفرانسە بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا سیاسەتمەدارانی گرنگی پۆڵۆنیا و ئەوروپا – پەرلەمانتارانی پۆڵۆنیا و ئەورووپا، کەسایەتیی ئایینیی کڵێسای کاتۆلیکی، هەروەها شارەزایان و توێژەران بەشدارییان کرد. وەك هەموو ساڵێك کێشە و هەڕەشەکانی بەردەم ئەوروپا گەڵاڵە کران، لەگەڵ ڕۆڵی کڵێسای کاتۆلیکی لە چارەسەرکردنیان.

لە کاتی کۆنفرانسەکە (زیاد ڕەئووف) لە پانێڵێكدا بە ناوی ''داهاتوو – ڕێگاکانی هاتنە دەرەوە لە قەیران''، وتاری پێشکەش کرد. نوێنەری حکوومەت بە ئاماژەدان بە بابەتی گفتوگۆکە، تێبینیی کرد کە زۆر لە کێشەکانی ئەوروپا سەرچاوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە پێویستە هاوکاریی کورد بکرێت، کە ئیسپاتیان کرد دۆستی ڕاستەقینەی ئەوروپان و بەرگریکارن لە بەها ئەوروپییەکان، کورد ئاوارەی لە باوەش گرتووە، جەنگ لە دژی توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن، پارێزگاری لە کەمینە نەتەوەییەکان دەکەن.''

(زیاد ڕەئووف) بیری هێنانەوە کە ئێستا کریستیانەکان دیسان تووشی دەربەدەری بوونەتەوە بە دەستی میلیشیا شیعەکان، 850 خێزانی کریستیانی لە ماڵەکانیان دەرکراون لە دەشتی مووسڵ و بەرەو هەرێمی کوردستان هاتوون. لەوەوە داوای هاوکاریی خێرای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد.

جگە لە گفتوگۆی پانێڵ، (زیاد ڕەئووف) دەرفەتی بوو ئاخاوتنی دوو قۆڵی بکات لەگەڵ پەرلەمانتارانی پۆڵۆنی و ئەوروپایی، لەوانەش لەگەڵ (هانس گێرت پۆتێرینگ)، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا، هەروەها لەگەڵ (داڤید ماکالیستەر)، سەرۆکی کۆمسیۆنی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پرسەکانی دەرەوە. نوێنەری حکوومەت بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و توندوتیژی لە دژی کورد و ڕۆڵی ئیران و میلیشیا شیعەکانی لەو دۆخەدا بۆ سەرۆکی کۆمسیۆن خستە ڕوو. سیاسەتمەدارانی ئەورووپا ڕایانگەیاند، ئەو پرسە لە پەرلەمانی ئەورووپا و لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی وڵاتان و لەوانەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخەنە ڕوو.
kdp-
Top