حکوومەتی عێراق فەوجی حەشد لە کەرکووک و خورماتوو دەکاتەوە
(وائیل عەبدوللەتیف)، پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوە دەکات فەوجی حەشد بۆ کوردانی شەبەک و کاکەییەکان دەکەینەوە. هاوکات لە نووسراوێکی حکوومەتی عێراقدا داوای دوورخستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرە ئەمنییەکان دەکات، کە پشکی کوردن و پێی وایە دەبێ پشکەکان بۆ ٪٣٢ بۆ هەموو پێکهاتەکان دابنرێت، بە کوردیشەوە. بەم شێوەیە دەست کراوە بە هێنانی چەکداری حەشد و ئاڵوگۆڕیان لە پۆستە ئەمنییەکان. (عارف ڕوشدی)، ڕاویژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بەغدا سیاسەتێکی نوێ لەو شارە پەیڕەو دەکات، بە گۆڕینى بەرپرسە ئەمنییەکانى کەرکووک و شارۆچکەکانى دیکەى پارێزگاى کەرکووک بە ئەفسەر و پلەدارى عەرەب و تورکمان، دواتر هەوڵ دەدرێت پارێزگارێکی عەرەب دابنرێت، یان حاکمێکى عەسکەرى، دڵنیابن تەنانەت ئەگەر کوردێکش دابنێن، هیچ دەسەڵاتیکى نابێت.''
(حوسێن یەزداپنەنا)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەغدا هەرچی لەدەست بێت بۆ دژایەیتی کەرکووک و دووزخورماتوو دەیکات، ئێستاش قسە لەسەر ئەوە کراوە مانای ئەوەیە بەغدا نییەتی خراپی لەو شارە هەیە و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە پێکهاتەی کورد لەو ناوچانە بگۆڕێت، هەرچەندە پێشتر زۆر هەوڵی داوە، بەڵام سەر ناگرێت، کورد ناتوانێت لەگەڵ سیاسەتی حەشد هەڵبکات، لە هەمان کاتدا ناتوانێت لەناو سوپایەک بێت، کە لە دژی براکانی بجەنگێت.''
هاوکات (شەلال عەبدول)، قایمقامی دووزخورماتوو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئەمە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردستان، باوەڕ ناکەم گەنجی کورد بچنە ناو حەشدەوە، ئەوەیشی کراوە مەترسییە لەسەر داهاتووی ناوچەکە، چونکە دانانی فەوجی کورد بۆ حەشد تاقی کراوەتەوە، مەترسیی بووە، بۆیە داواکارین خەڵک لەسەر کوردبوونی خۆی سوور بێت و نەچێتە ناویان.''
قایمقامی دووزخورماتوو ئەوەیشی خستە ڕوو: ''پێشمەرگە پارێزگاری لەو ناوچانە و بەرگری لە خەڵک دەکات. بێجگە لە پێشمەرگە هێزی دیکە ناتوانن ئەو ئارامییە بپارێزن.''
kdp-
