به‌رپرسی لقى 4ى پارتى ورده‌كارى ڕووداوى ته‌قه كردنه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو ده‌خاته‌ڕوو
سه‌عید سه‌لیم، به‌رپرسی لقى 4ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ڕاىگه‌یاند: "كاتژمێر 11:35 خوله‌كى شه‌وى ڕابردوو ئۆتۆمبێلیك ته‌قه‌ى له باره‌گاى پێشوى لێژنه‌ى ناوچه‌ى لقى 4ى پارتى له سلێمانى كردووه، كه ئه‌و باره‌گایه ئێستا ڕێكخراوێكى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى تێدایه، دواتر ته‌قه‌كه‌ره‌كان ئاراسته‌ى ته‌قه كردنه‌كه‌یان بۆ باره‌گاى لقى 4ى پارتى گۆڕیوه و به‌و هۆیه‌شه‌وه ژماره‌یه‌ك جامى باره‌گاى لق شكاوه".
به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، كه دواى ڕووداوه‌كه هێزه ئه‌منییه‌كانى سلێمانى به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه سه‌ردانى شوێنی ڕووداوه‌كه‌یان كردووه و ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه كردووه، ده‌شڵێت: "له كامێره‌كانى چاودێریدا كۆمه‌ڵێ شت تۆمار كراوه، ئه‌وانه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌كرێ"، ڕوونیشى كرده‌وه كه سكاڵای یاساییان به‌شێوه‌یه‌كى گشتیی تۆمار كردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ى ته‌قه كه‌ره‌كان.
پێشتر زیاد كاكه ڕه‌زا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ڕاىگه‌یاند: "له دره‌نگانێكى شه‌وی ڕابردوودا ئۆتۆمبێلێكى جۆرى قه‌مه‌ره ته‌قه‌ى له باره‌گاى لقى 4ی پارتی دیمو‌كراتى كوردستان كردووه و هه‌ڵهاتووه".
باس‌نیوز
