نووسەرێک: پێوستە کورد فرە دۆست بێت و پشت بە تەنیا لایەنێک نەبەستێت

 نووسەرێک: پێوستە کورد فرە دۆست بێت و پشت بە تەنیا لایەنێک نەبەستێت
نووسەر و رۆژنامەنووسێک، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمریکا، دۆستی سەرتاسەری ھیچ لایەنێک نییە، بەڵکو تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە.

ھەڵگورد جندیانی، نووسەر و رۆژنامەنووس، ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2017، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وتارێکی بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "ھەمیشە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیوەی لەسەر ئەرزدا دیارە و روونە، نیوەکەی تری لەژێر ئەرزەو نادیارەو روون نییە، بۆیە لەسەر رۆشنایی ئەم چەمک و بیرۆکەیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا و ئەو وڵاتە رۆژئاوایانەش کەلە فەلەکی ئەودا دەسوڕێنەوە بەشدارن لەگەشەکردن و گەورەبوون توندڕەوی مەزھەبی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

ئەو نووسەرە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لەنەوەتەکاندا کاتێک گۆڕانکاری لەجیھاندا روویدا و ئەمریکا بەتێز و چەمکی (سیستمەی نوێی جیھانی) ھاتە مەیدان و لەچەند شوێنێکی جیھاندا لەگەڵ ھاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا بەشێوەیەکی مرۆڤدۆستانە و ھەستکردن بە بەرپرسیارییەتی وڵاتی زلھێز ھاتەمەیدان، بەڵام ئەوساش ئەوەندەی بۆ لێدانی ھێز و ھەژموونی پاشماوەی سۆڤییەت و دەوڵەتی تازەی رووسیای فیدڕاڵیدا بوو ئەوەندە لەنییەتی باش و خێری وڵاتان و بەپرسیارەتیاندا نەبوو.

جندیانی، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەمریکا نە دۆست و نەھاوپەیمانی بەردەوامی کوردە، دەشڵێت: "دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە پڕۆسەیەکی دیموکراسی بوو، دوایین پشتگوێخستن و جێھێشتنی نەتەوەی کورد لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاوادا روویدا کە بە گوێرەی ھەموو لۆژێکێکی مرۆڤایەتی و دیموکراسی بوایە، دەبوا پشتگیرییان لەکوردستان بکردبا، بەڵام بەپێچەوانەشەوە تەنانەت بێلایەنیش دەرنەچوون و لێگەڕان بەچەکی تازەی ئەمریکی و رۆژئاوایی بەشێکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری مەزھەبی عێراق داگیر بکرێتەوە".

ھەڵگورد جندیانی، لەو وتارەیدا، ئەوەشی روون کردووەتەوە: "لەکۆتاییدا پێویستە لەمەودوا ئێمەی کورد ئاوا سادەو خۆش باوەڕ نەبین، کاتێک ھاوپەیمان و دۆستی نزیکی ئەمریکا بین ھەموو سێوەکانمان لەناو سەبەتەی ئەودا نەنێین، ھەمیشە فرەدۆست بین و لەنێوان ئەو ھەموو یاریکەرە جیھانیانەدا یاری خۆمان بەباشی بکەین و باوەڕمان بەو چەمکە ھەبێت کە لەسیاسەتدا لۆژیکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکو لۆژیکی قازانج و زیان زاڵە بەسەر ھەموو پێوەرێکی تردا".










باسنيوز
Top