شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی (چاڤیلاند) نادات و تۆمەتیشیان بۆ هەڵدەبەستێ

 شاسوار عەبدولواحید مووچەی کارمەندانی (چاڤیلاند) نادات و تۆمەتیشیان بۆ هەڵدەبەستێ
بەشێک لە کارمەندانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) ئاشکرای دەکەن، ماوەی سێ مانگە شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)، ئامادە نییە مووچەی مانگانە بۆ کارمەندەکانی خەرج بکات.

لەمبارەوە ڕەشاد ھاروونی کە ماوەی سێ ساڵە وەک کارمەندی یارییەکانی چاڤیلاندی گەشتیاری کار دەکات، ڕایگەیاند: "ئێمەی کارمەندانی پڕۆژەکە، جگە لەوەی بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم دامەزراوین، لەگەڵ ئەوەشدا لە مانگی ھەشتەوە مووچەمان وەرنەگرتووە و چەند جارێکیش داوای ئەوەمان کردووە لە کاتی خۆیدا مووچەکانمان پێ بدەن، بەڵام ھەوڵەکانمان ھیچ سوودێکی نەبووە".

گوتیشی: "چاڤیلاند، داھاتێکی زۆری ھەیە، چونکە ژمارەیەکی زۆر یاریی تێدایە بێگومان ھەر گەشتیارێکیش ڕوو بکاتە ئەوێ حەز دەکات ھەموو یارییەکانی ناو پڕۆژەکە تاقی بکاتەوە، بەڵام ئێمەی کارمەندای چاڤی لاند زوڵمان لێ دەکرێت، چونکە جگەلەوەی دەوامەکەمان زۆر قورسە و شەوانیش زۆر درەنگ دەڕۆینەوە لە کاتی خۆیدا مووچە وەرناگرین".

ئاسۆ عەباس، یەکێکی دیکەیە لە کارمەندانی چاڤیلاند، گوتی: "مووچەی کارمەندەکانی پڕۆژەی چاڤی لاند زۆر دوا دەکەوێت و ھەرکاتێکیش فشار بۆ ئیدارەی چاڤیلاند درووست دەکەین بۆ ئەوەی مووچەکەنمان لەکاتی خۆیدا وەربگرین، وەک گاڵتەکردن پێمان دەڵێن: "حکوومەت پارەی فەرمانبەرانی نییە و ئێمە لەکوێمان بوو. لە کاتێکدا ئێمە بەپێی گرێبەستەکەمان دەبێ ھەموو ٢٥ی مانگێک مووچە وەربگرین".

ئەو کارمەندەی چاڤیلاند، ئەماژەی بەوەش کرد: "شاسوار عەبدولواحید، کەسێکی زۆر بێ منەت و خۆپەرستە و جگە لەوەی پارەی ١٠ ھەزار خاوەنپشکی خواردووە، زۆر جار ئێمەی کارمەندانی کۆمپانیای چاڤیلاند، بە ھاوبەشی لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیای نالیا ناڕەزایەتی دەردەبڕین بۆ ئەوەی مووچەی کارمەندان لە کاتی خۆیا دابەش بکرێت، بەڵام ھەموو جارێک شاسوار عەبدولواحید، خۆی تووڕە دەکات و دەڵێت: "ئێوە دەتانەوێت بەھۆی مووچەوە من ناشیرین بکەن، ئەگەر کێشەی مووچەتان ھەیە بۆ ناڕۆن شکایەت لە ئیدارەی چاڤیلاند بکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆر جاریش تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵمان کە گوایە لایەنێکی سیاسی ئێمەی ئاڕاستە کردووە، لە کاتێکدا ئێمە کارمەندی پڕۆژەکەی ئەوین و لەگەڵ ئەوەشدا پێناس و بەڵگەی تەواومان لە بەشی کارگێڕی ئیدارەیی چاڤیلاند ھەیە"

جیا لە قسەکانی ئەو کارمەندانەی چاڤلاند، بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، کەسێک پرسیار لە شاسوار عەبدولواحید دەکات کە ئاخۆ بۆچی سێ مانگە مووچەی کارمەندانی پڕۆژەکەی نەداوە، ڕاستەوخۆ دوای پرسیارەکە، شاسوار عەبدولواحید هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسەی پرسیارەکە دەکات و بە دەستی حزبەکانی دەزانێت و باس لەوە دەکات کە نابێت پرسیاری دابەشنەکردنی مووچەی پڕۆژە بازرگانییەکەی لێ بکرێت.









باسنیوز
Top