ئەمساڵ تونێلی پیرمام دەکرێتەوە
ئەندازیار زانا مستەفا عوزێری، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە (باس)ی ڕاگەیاند، ماوەی رابردوو تونێلی پیرمام کاری تێیدا وەستابوو، بەڵام ئێستا ئەو پڕۆژەیە کارێکی باشی تێدا دەکرێت، گوتی: ”نێو تونێلەکە قیڕتاو کراوە و دەستیشی پێ کردووە قیڕتاوەکە ببەسترێتەوە بە پڕۆژەی رێگای کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل“.
ھەروەھا گوتیشی: ”بەپێی ئەو کارانەی ئەنجام دراون، ناگاتە کۆتایی ئەمساڵ تونێلی پیرمام (مەسیف) تەواو دەبێت“.
تونێلی شەقڵاوە- پیرمام (مەسیف) کە درێژییەکەی ٢ کیلۆمەترە و بە رێگاکەوە زیاتر لە ٨ کیلۆ مەترە، ١٤٧ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و سەڵاحەددین، شەقڵاوە بە دەڤەری ھەریر دەبەستێتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە روونی کردەوە، تەواوبوونی تونێلەکە نیو سەعات رێگای ھاووڵاتییان کورت دەکاتەوە، گوتیشی: ”٢٠ بۆ ٣٠ خولەک رێگای ھاتوچۆی ھاووڵاتییان کورت دەکاتەوە و مەترسییەکانی رووداوی ھاتوچۆش کەم دەکاتەوە، وای لێ دێت دووریی شەقلاوە وەکوو دووریی گەڕەکێکی لە ھەولێرەوە لێ دێت“.
دەشڵێت: ”پڕۆژەکە لە ھەولێرەوە تا قەزای شەقڵاوە ھیچ کێشەیەکی نامێنێ، تەنیا قۆناخێکی کەمی دەمێنێ بگاتە رێگەی قەندیل ئەویش تەنیا دوو کیلۆمەترە، بە تەواوبوونی تونێلی پیرمام رێگەی ھاملتۆن دەچێتە قۆناخێکی دیکەوە“.
ئەو رەتی کردەوە لە کاتی تەواوبوونی تونێلەکە رێگای نێو مەسیف دابخرێت، بەڵکوو دووپاتی کردەوە ھاتوچۆ ئاسایی دەبێت.
زانا مستەفا عوزێری روونیشی کردەوە، مانگانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژە ستراتیژییەکان بڕێک پارە خەرج دەکات، یەکێک لەو پڕۆژانەش ئەو تونێلەیە، گوتیشی: ”پێشووتر بەڵێندەری پڕۆژەکە پێی ڕاگەیاندین ئەگەر حکوومەت ھاوکار بێت دەتوانێت لەم قەیرانەدا پڕۆژەکە بەبێ کێشە تەواو بکات“.
ئاشکراشی کرد، لە تونێلی ھەریر بەشێکی رێگاکە کراوەتەوە و بەشەکەی تریشی کاری تێدا دەکرێت.
لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٠، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بە لێدانی چەند تونێلێک کرد، کە ھەندێکیان بەشێکن لە پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی ھەولێر- حاجی ئۆمەران.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە، بە گشتی لە کوردستان ١٥ کیلۆمەتر رێگایان بەنێو تونێل لەژێر جێبەجێکردندایە.
لە بەرنامە و پلاندایە بەدرێژایی رێگای ھەولێر- حاجی ئۆمەران ١١ تونێل دروست بکرێت، کە تا ئێستا ٣ تونێلیان ھەیە و دووانیان تەواو بووە و ٨ تونێلەکەی تریش کاری بۆ دەکرێت.
پێشووت عومەر برایم، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبانی ھەولێر بە (باس)ی رای گەیاند، قەیرانی دارایی رێگر بوو لە تەواوکردنی تونێلەکان و جێبەجێکردنی تونیڵی تازە، گوتیشی: ”لە ١١ تونێل کە لە پلاندابوون و دیزاینیان تەواو کرابوو، تەنیا چەند تونێلێک تەواو کراون، ئەگەر ئەو تونێلانە تەواو بوونایە، مەودای رێگاکە زۆر کورت دەبووەوە، بە جۆرێک مەودای نێوان ھەولێر- حاجی ئۆمەران لە ٣ سەعات و نیو بۆ ١ سەعات و نیو کەم دەبووەوە“.
باسنیوز
