ھەوڵێك هەیە بۆ دابڕاندنی سلێمانی و ڕادەست بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەغدا بکرێت

ھەوڵێك هەیە بۆ  دابڕاندنی سلێمانی و  ڕادەست بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەغدا بکرێت
چەند گرووپ و لایەنێکی سیاسیی نێو شاری سلێمانی، سەرلەنوێ ھەوڵی دابڕاندنی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان دەدەن و خەریکی ئەوەن ھاوشێوەی کەرکووک و خورماتوو، سلێمانییش ڕادەست بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەغدا بکرێت، میکانزمەکەشیان بۆ ئەم پیلانە، قۆستنەوەی ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی و ھاندانیانە، تا مان لە دەوامکردن بگرن و لە دروشمەکامنیاندا داوا لە حکوومەتی عەبادی بکەن سلێمانی لەڕووی دارایی و ئیدارییەوە ببەستێتەوە بە بەغداوە، بەڵام ئەمەریکا و وڵاتانی زلھێز و زۆربەی حزبەکانی کوردستان و زۆرینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە لەو شارە باڵادەستە، دژی ئەم ھەوڵەن و لەگەڵ مانەوەی کیانی ھەرێمی کوردستاندان بە بەھێزی و یەکپارچەیی و پارێزراوی.



سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، بڕیارە رۆژی ١ی ١١ لە سلێمانی مانگرتن و خۆپێشاندانی فراوان ئەنجام بدرێت و ئەو گرووپ و لایەنانەش کە پیلانی دابڕاندنی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان دەدەن، لە ڕێی کەسانی خۆیانەوە، ژێراوژێر ھانی فەرمانبەرانی ئەو شارەیان داوە کە لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانیاندا، داوا لە حکوومەتی بەغدا بکرێت دەست وەربداتە کاروباری سلێمانییەوە و بەو شێوەیە بارودۆخی شارەکە بە ئاراستەیەکی جیاوازدا ببرێت، بەڵام لەبەرامبەر بەوە، ئەمەریکا و وڵاتانی زلھێز و زۆربەی ھەرە زۆری حزبەکانی کوردستان و زۆرینەی یەکێتی، یەکدەنگن لەسەر ئەوەی بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە بەوە نەدەن بارودۆخەکە بگات بەوەی مەترسی لەسەر کیانی ھەرێمی کوردستان دروست بێت.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چەند لایەنەی ھانی ئەو مانگرتنانە دەدەن، مەبەستیان جیاکردنەوەی سلێمانییە لە ھەرێمی کوردستان و بەستنەوەیەتی بە بەغداوە، کە پێشتر دەیانویست بەناوی ھەرێمی سلێمانی - کەرکووک، حکوومەتی عێراق ئەوەیان بۆ بکات.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ھەریەکە لە سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان و ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری ئەو گرووپەی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری کرد، لە گفتوگۆدان لەگەڵ بەغدا، بۆ داڕشتنی پیلانی دابڕاندنی سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان و رادەستکردنی بە حکوومەتی بەغدا و حەشدی شەعبی. لای خۆشیەوە، نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەڵێنی ھاوکاریکردنی لەو پیلانەدا پێ داون.



سێوە خدر، ئەندامی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، لەو مۆڵەتەی کە داویانەتە حکوومەت لە ماوەی ١٥ رۆژدا تەواو دەبێت، ئەو خاڵەی تێدا نییە کە ئەگەر حکوومەت نەیتوانی مووچە بدات ئەوە ئەوان دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا، بەڵام لە واقیعدا دەبێت پەنا بۆ ئەو بژارەیە بەرین، گوتی: ”ئێمە سەر بە سیادەی عێراقین و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ عێراق، دەبێ مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە عێراق وەربگرین“.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بابەتە پێویستی بە دانوستان ھەیە لەگەڵ عێراق، تا رێک بکەوین، گوتی: ”ئەو داوایە یاساییە و حکوومەتی عێراق ڕاستەوخۆ دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بەجیا بکات، کە بودجەی پێویست بە شارەکە بۆ پارێزگاکان دەنێرێت و لەوێوە دابەش دەکرێت“.



لای خۆشیەوە ھەورامان نیعمەت، مامۆستای ناڕازی، بەشدار لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان، بۆ (باس) رای گەیاند، خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی دەمێکە بڕیاری لێ دراوە و لە لایەن مامۆستایانی ناڕازییەوە ئەنجام دەدرێ، گوتی: «ئەوە ھیچ پەیوەندیی بە خۆپیشاندانی خەڵکانی دیکەوە نییە بەناوی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و یان پارتێکی دیکەوە، کە دوای ڕووداوەکانی رۆژی یەکشەمەی پەرلەمان دەیانەوێ ئەنجامی بدەن، شوێنی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دیارە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوایە، لەوانی دیکە بەرپرس نین».



لای خۆشیەوە د. فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، دوو بابەتی گرنگ ھەیە کە لەلای ئەوان پرەنسیپە، گوتی: ”لە دۆخی ئێستا کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ناوچە دابڕێنراوەکانیان داگیر کردووە و لە سنووری ھەرێمی کوردستان وەستاون و دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە، یەکڕیزی و ئاشتی زۆر گرنگە لە سلێمانی و لە ھەولێر، بۆ ئەوەی ھیچ بیانوویەک دروست نەبێت کە ھێزی عێراقی بێتە سلێمانی و ھەولێر ئەوەی بیەوێ بیکات، دووەمیان، گرنگترین شت پاراستنی یەکێتیی خاکی ھەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوەیە لە دوو ئیدارەیی، ئەو دوو خاڵە دەبێت ھەموو لایەنەکان پێوەی پابەند بن و بیپارێزن، ھەر لایەنێک لەو دوو خاڵە لابدات ھەڵەیەکی یەکجار گەورە دەکات“.



لای خۆشیەوە سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، ئەوەی لە کەرکووک کردیان لە سلێمانی ناتوانن بیکەن، گوتی: ”لە دەستووری عێراقدا ھەرێمی کوردستان یەک پارچەیە و ئەوان ناتوانن شارەکانی لە یەکتری دابڕێنن، ئەمەریکاش بەئاشکرا لە بەیانەکە ئەوەی گوتووە“.



ھەر دوێنێ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ستایشی بۆ بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی، سەبارەت بە رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بۆ ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەرێمێکی کوردستانی بەھێزی دەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتووی دیموکراتدا ئەمەش بۆ سەقامگیریی ماوەدرێژ پێویستە”.



داواش لە سەرجەم پارتە کوردییەکان کرد، پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی ھەن و ئامادەکاری بکەن بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠١٨.



باسنيوز
Top