نێچیرڤان بارزانی و بۆریس جۆنسۆن گرژییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد
شەوی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا، پشتگیریی خۆی و وڵاتەکەی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپات کردەوە.
شەوی ڕابردوو 29 لەسەر 30/10/2017 لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پشتگیریی خۆی و وڵاتەکەی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دووپات کردەوە و پێشوازی لە خواستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەسپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا لەپێناو ڕاوەستاندنی جموجۆڵە سەربازییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان کرد.
جۆنسۆن، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە ھانی حەیدر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەست بە گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق بکات و کاتێک بۆ دەسپێکردنی دیالۆگ دیاری بکرێت و چارەسەرێکی بەپەلە بۆ کێشە و ناکۆکییەکان ھەولێر بەغدا بدۆزرێتەوە، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە شەڕی دژی داعش و خزمەتکردنی گەلی کوردستان و ڕۆڵی جەنابیان لە بنیاتنانی عێراقی تازەدا، کرد.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی ھاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ ھەرێمی کوردستان و پشتگیریی بەڕێز وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کرد و دووپاتی کرەدەوە کە ھەرێمی کوردستان نایەوێت بەریەککەوتن ڕووبدات و وەک ھەمیشە ئامادەیە تەواوی کێشەکان لەگەڵ عێراق بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەکارھێنانی ھێز و سوپا ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و سوود بە ھیچ لایەنەێک ناگەیەنێت.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا دوایین دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و پێشھاتەکانی شەڕی دژی داعش و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکانیش تاوتوێ کران.
bas news-
