شاندە سەربازییەکانی هەرێم و عێراق لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە

شاندە سەربازییەکانی هەرێم و عێراق لە ڕێككەوتنی كۆتایی نزیك بوونەتەوە
شاندە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان سێیەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێ: ''هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، لە ڕێککەوتنی کۆتاییشدا نزیک بوونەتەوە و کەی واژۆ کرا، بەفەرمی ڕادەگەیەندرێت''.

ئێستا لە دەروازەی پێشخابوور، کە دەکەوێتە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، شاندە سەربازییەکانی هەرێمی كوردستان ‌و عێراق بە چاودێریی ئەمریكییەكان لە کۆبوونەوەدان.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكان بە ڕووداوی گوتووە: ''هێشتا ڕێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، بەڵام هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتوون، بۆچوونی هاوبەشیان زۆرە و لە ڕێككەوتنی كۆتاییش نزیك بوونەتەوە.''

بە پێی گوتەی سەرچاوەكە، بۆ بەڕێوەبردنی دەروازەی سنووری پێشخابوور کە حکومەتی عێراق زۆر پێداگرە ڕادەستی بکرێت، هەردوولا ڕێک کەوتوون ''بە هاوبەشی لە نێوان پاسەوانی سنووری حكوومەتی عێراق ‌و پێشمەرگە ‌و هێزێكی ئەمریكییەكاندا بەڕێوە ببرێت.''

لەبارەی ئەو ناوچە كوردستانییانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش كە تاوەكو ئێستا پێشمەرگەیان تێدایە، وەکو (شێخان، مەحموودیە، سحێلا، ئەلقووش، گوێڕ، خازر و... هیتد)، پێشنیازی ئەوە كراوە بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن و هێزی پێشمەرگە‌ و هێزەکانی حكوومەتی عێراقیان تێدا جێگیر بکرێت.

سەرچاوەكە گوتیشی: ''هەر كاتێك شاندەکان گەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی، ئەوكاتە بە فەرمیی ڕێككەوتنەكە ڕادەگەیەندرێت و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.''

بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە لەگەڵ فڕۆکەخانەکان بە پێی دەستوور مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەدا نابن.

دوای وەستانی شەڕ لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە، شاندە سەربازییەکانی هەرێمی كوردستان ‌و حكوومەتی عێراق ئەوە سێیەم کۆبوونەوەیە بە چاودێریی ئەمریكییەكان ئەنجامی دەدەن، دوو كۆبوونەوەیان لە شاری مووسڵ و كۆبوونەوەی ئەمڕۆشیان لە باشووری كوردستانە.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا حەشدی شەعبی ‌و سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکە، دوای پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگەش بەبێ شەڕ کۆنترۆڵیان کردن، دوای ئەوەش لە هێرشکردن بەردەوام بوون، بەڵام لە لایەن پێشمەرگە بەرپەرچ درانەوە و چەندین جار شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوولا ڕووی دا.

حكوومەتی عێراق ڕۆژی هەینی ٢٧-١٠-٢٠١٧ بۆ ماوەی ٢٤ كاتژمێر جووڵە سەربازییەكانی ڕاگرت، ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوەش لە نێوان فەرماندەکانی پێشمەرگە و بەرپرسە سەربازییەکانی عێراقدا لە مووسڵ بووە هۆی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە. بەپێی لێدوانی بەشداربووانی کۆبوونەوەکانیش گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش
kdp-
Top