چاودێرێکی سیاسی: ھێزی پێشمەرگە بەغدای ملکەچی گفتوگۆ کرد
(د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کاتێک بەغدا ھێرشی کردە سەر کەرکووک و بە پێی ڕێککەوتنێکی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەو شارە ڕادەستی ئەوان کرا و لە کەرکووک ھێزی پێشمەرگەیان کشاندەوە، بەغدا وایزانی ھەموو میحوەرەکان بەو شێوەیە بەبێ شەر داگیر دەکەن، بۆیە بەردەوام گفتوگۆیان ڕەت دەکردەوە.''
(د. ساڵح مەلا عومەر عیسا) گوتی: ''کاتێک لە میحوەری پردێ ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگە بەتوندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و زیانی زۆریان پێ گەیاندن و ڕێگەیان نەدا یەک بست پێشڕەوی بکەن و لە میحوەرەکانی مەخموور و ڕەبیعە و زوممار و تلسقۆفیش وانەی باشیان دایە حەشدی شەعبی، ئیتر زانییان کە ناتوانن زیاتر پێشڕەوی بکەن و ھێزی پێشمەرگە زیانیان پێ دەگەینێت، شەڕیان ڕاگرت.''
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''کاتێک ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو میحوەرەکان گورزی کوشندەی لە حەشدی شەعبی وەشاند و بەغدا زانی ئیتر ناتوانن زیاتر پێشڕەوی بکەن، بۆیە ناچار بوون ئامادەیی دەربڕن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەست پێ بکەن و کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن.''
لەبارەی ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشەوە، ئەو ماموستایەی زانکۆ باسی لەوە کرد: ''کاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بینی، کە حەشدی شەعبی لە سنووری کەرکووک و دەوروبەری چ کاولکارییەکی ئەنجام دا و چەندین تاوانی مرۆییشیان ئەنجام دا و ھێزی پێشمەرگەش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و گورزی باشی لێ داون، ئەوانیش ھاتنە سەرخەت، بەتایبەت ئەمەریکا، کە ئێستا بەشداری لە دانوستانەکانی نێوان ھەر دوو لادا دەکات، چونکە حەشدی شەعبی بە چەکی ئەمەریکی تاوانی دژی کورد ئەنجام داوە.'
kdp-
