سوپاسنامەیەك لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا

سوپاسنامەیەك لە خانەوادەی خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا
بەناوی خانەوادەو بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا(عەلی عەبدوڵڵا) سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) و وەزیرەکان حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستان و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێكڕای سەرکردە و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتیە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان و رۆشنبیر و تێکۆشەر و خەباتکارانی گەلەکەمان دەكەین كە ئەرکیان کێشا لە کاتی نەخۆشکەوتن و بەشداریانکرد لە بەخاکسپاردن و رۆژانی پرسەی باوکی ئازیزمان، رێزو رێزوپێزانینی تایبەتمان بۆ دامودەزگا حكومی و ناحكومیەكان و دامودەزگا ئەمنییەكان و تەواوی چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەو هاووڵاتیانی خۆشەویست، سوپاسی گشت خزم ودۆست و هاوڕێ و ئازیزانمان دەكەین، بەڕاستی هاوسۆزیی و دڵنەوایی گشت لایەك لە خەم و پەژارەمانی كەمكردەوە، داواكارین لەخوای گەورە پاداشتی هەموو لایەك بداتەوە و لە دەردوبەڵا و كۆست بەدوور بن.

خوالێخۆشبوو مامۆستا (عەلی عەبدوڵڵا) تەواوی تەمەنی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدان تەرخان كرد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك تێكۆشەرێكی دڵسۆزوخۆراگر، بەدرێژایی ئەو كاروانە هەمیشە مكوڕ و بەردەوامبووە لەسەر کوردایەتی و رێبازی بارزانی و پارتایەتی، لە مێژووی بەرزونزمی نەسرەوتن و كۆڵنەدانیدا جێگەوپێگەی دیاروبەرچاو بوو لە خزمەتگەیاندن بەدۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجەكانی، بەشداری بەرفراوان و هاوخەمی هەموو ئەو کەسایەتی و هێز و لایەن و چین و توێژانەی کوردستانیش لەو کۆستەماندا دەرخەری ئەوەبوو کە (عەلی عەبدوڵڵا) بەتەنیا موڵکی بنەماڵەکەی و پارتی نەبوو بەڵکو تێکۆشەر و خەباتکارێکی تەواوی كاروانی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو.

مامۆستا(عەلی عەبدوڵڵا) نموونەی خەباتگێڕێكی نەتەوەیی و نەیشتمانپەروەر بوو، هەوڵ و كۆشش و جێپەنجەی دیاربوو لە یەكخستن و یەكگرتنی ریزەكانی گەل و لێكنزیك كردنەوەیان بۆ بەدیهاتنی مافی گەلەكەمان و دووركەوتنەوە لە دووبەرەكی و ناكۆكی ناوخۆیی.

جارێكی دیكە سوپاس و پێزانینمان بۆ گشت لایەك و داواكارین لە خوای گەورە گەلەكەمان لە مەینەتی بەدوور بێت و هەموو لایەك هەر ساغ وسەلامەت بن و گیانی كۆچكردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بێت.

(هەڵمەت و هێرۆ و هەوری)
کوڕ و کچانی مامۆستای کۆچکردوو عەلی عەبدوڵڵا
kdp-
Top