ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: دۆخێكی ناهەموار لە كەركووك دروست بووە
جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "لەم رۆژانەی ڕابردوو لە سایەی حەشدی شەعبیدا، چەند گەنجێك لە كەركووك ڕفێنراون و پاشان لاشەكانیان دۆزراوەتەوە و ئێستاش دۆخێكی نا هەموار لە كەركووك دروست بووە".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، گوتیشی: "لە بەر نەبوونی ئیدارە لە كەركووك ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی بارودۆخی تەناهی بكرێت، ئەگەر ئەنجوومەنی پارێزگاش كۆبێتەوە، یەكەم بڕیار كە بیدەین دەركردنی سوپای عێراقە بۆ دەرەوەی شاری كەركووك و پێشتریش ئێمە ناڕازیی بوینە لە هاتنی پرۆسەكانی دیجلە بۆ كەركووك".
جوان حەسەن ڕاشی گەیاند: "ئێستاش بەو ئاراستەیە كار دەكەین كە دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ كورد، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت تا ڕادەیەك دۆخی كەركووك بەرەو هێوربوونەوە بچێت".
ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە وەكو كوتلەی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك تێبینی زۆرمان لە سەر ئەو دۆخە هەیە كە بە سەر كەركووك هێنرا و هەر بە هۆی ئەو دۆخەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووین".
لە لایەكی ترەوە جوان حەسەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێستاش پەشیمان نیم لە دەنگدانم بۆ ڕیفراندۆم و بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەوانەش بە مافێكی سروشتی خۆمم زانیوە و لێی پەشیمان نیم".
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر چەكدارانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران بەچاوساخی گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كەركووك و خورماتوویان داگیركرد و پاشان حەشدی شەعبی دەستیان بە زنجیرەیەك تاوان كرد لەو شارانەدا.
باسنیوز
