ئارێز عەبدوڵا بەرامبەر هەوڵەکانی ئاڵا تاڵەبانی بۆ دادگاییکردنی دێتە دەنگ

 ئارێز عەبدوڵا بەرامبەر هەوڵەکانی ئاڵا تاڵەبانی بۆ دادگاییکردنی دێتە دەنگ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند: "گرووپێکی دیار و ناسراوی ناو پەرلەمانی عێراق، تۆمەتێکی ناڕەوا و پیلانێکی نەشازیان بۆ من داڕشتووە“.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دادگای رەسافە لە بەغدا، سکاڵای یاسایی لە دژی ئارێز عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تۆمار کرا و ئاڵا تاڵەبانی، بەهۆی لادانی لە سەرۆکایەتیکردنی فراکسیۆنەکە، کەوتووەتە هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بەو سەرکردەیەی یەکێتی.

لەمبارەیەوە ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: "ھەر کاتێک دۆسیەکەی دادگا داخرا، ئەوکاتە ناوی ھەموو ئەو کەسانە بڵاو دەکەمەوە کە پیلانەکەیان بۆ داڕشتووم".

باسیشی لەوە کرد کە تۆمەتی ساختەیی بڕوانامەکەی دراوەتە پاڵ و دادگای رەسافەش بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێرە، داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی کردووە. گوتیشی: ”بێگومان ئەمە درۆیەکی شاخدارە و پیلانێکە دژی من داڕێژراوە، بەڵام ھەر کاتێک من بڕۆمە بەردەم دادگا، ئەو کەسەی پیلانەکەی بۆ داڕشتووم، لەبەردەم دادگا ڕووڕەش و ڕیسوا و شەرمەزار دەبێت، چونکە من ھیچ بڕوانامەیەکی نایاساییم پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە، ئەو کەسەش تۆمەتە ناڕەوا و درۆ شاخدارەکەی درووست کردووە، ئامانجێکی ھەبووە و خۆشم دەزانم مەبەستی چییە؟".

ئارێز عەبدوڵا ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەیوەندی بە پەرلەمانی عێراقەوە کردووە و پێیانڕاگەیاندراوە کە هیچ نووسراوێکی دادگایان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی بەدەست نەگەیشتووە، کەچی چەند نووسراوێک لە میدیاکانەوە بڵاو کراونەتەوە کە بە بڕوای ئەو، ”ئەمانە ھەمووی مەبەست و مەرام و پیلانێکی لە پشتەوەیە و ئامانجەکەش بۆ لەکەدارکردنی من بووە، بێگومان ئەوە کارێکی سیاسیی قێزەونە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسیشی لەوە کرد: "ئەو کەسەی پیلانی بۆ داڕشتووم لای من ناسراوە، ھەر کاتێک دادگا دۆسیەکەی داخست، ئەوکاتە من لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ناوی ھەموو ئەو کەسانە بڵاو دەکەمەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی بە باشی ئەو کەسانە بناسن". گوتیشی: ”ئامانج لە داڕشتنی ئەو پیلانە بۆ ئەوەیە من نەتوانم وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کارەکانی خۆم بکەم".










باسنیوز
Top