بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای سەتەلایتی کوردستان: وێنەگرەکەمان بە 50 چەقۆ شەهید کراوە

 بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای سەتەلایتی کوردستان: وێنەگرەکەمان بە 50 چەقۆ شەهید کراوە
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، وردەکاریی شەهیدکردنی وێنەگرەکەی کەناڵی (کوردستان تیڤی) کە کەناڵێکی دەزگاکەیەتی، ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند، حەشدی شەعبی ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.



کاروان ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، ڕاگەیاند، ڕووداوی شەهیدکردنی ئەرکان شەریف، وێنەگری (کوردستان تیڤی)، کاتژمێر 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2017 بووە و ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە دەمامکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و لەبەر چاوی هاوسەرەکەی، نزیکەی 50 چەقۆیان لێی داوە و شەهیدیان کردووە.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەرکان شەریف ماوەی 10 ساڵە کامێرامانی کەناڵی (کوردستان تیڤی)یە و تەمەنی 48 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و جگە لە کامێرامانی، مامۆستا بووە. گوتیشی: ”دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ئەرکان شەریف وەک زۆرێک لە هاووڵاتییانی دیکەی سنووری کەرکووک و خورماتوو، ئاوارەی سلێمانی بووە، دواتریش بەهۆی دەست پێکردنەوەی دەوامە فەرمییەکەی کە مامۆستایەتییە، بۆ سنووری شارۆچکەی داقووق گەڕاوەتەوە، “بەڵام لەلایەن حەشدی شەعبی شەهید کرا“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتیی شەهیدکردنی کامێرامانەکە ”لە ئەستۆی حەشدی شەعبی، سوپای پاسداران و ئەو گرووپەیە کە ھاوکاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانیان کردووە“. گوتیشی: ”ئەو چەکدارانەی کامێرامانەکەیان شەھید کردووە، خۆیان گوتوویانە، ئێمە سەر بە حەشدی شەعبین".






باسنیوز
Top