سونه‌كانى عێراق: دوورخستنه‌وه‌ى 40 فه‌رمانبه‌رى سونه له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه سته‌مێكى گه‌وره‌یه
هێزه سونه‌كان نیگه‌رانن له بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى 40 فه‌رمانبه‌رى سونه، كه له وه‌زاره‌ته‌كه‌ى ئیبراهیم جه‌عفه‌رى دوور خراونه‌ته‌وه، سه‌رۆكى حزبێكیش جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه به‌و بڕیاره، گومانیان لا دروست بووه.
په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د مه‌سارى، ئه‌میندارى گشتى حزبى حه‌قى نیشتمانى و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رۆكایه‌تى هاوپه‌یمانى هیزه نیشتمانییه‌كان (سونه‌كان) له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند: "به ئازارێكى زۆره‌وه بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى 40 فه‌رمانبه‌رى دیپلۆماسى و ئیداره‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌مان پێگه‌یشت كههۆكارهكانى ناپیشه‌یی و نایاسایی و ناده‌ستوورین، هه‌وڵه‌كانى ئاشته‌وایی نیشتمانیش له‌بار ده‌بات كه هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ین".
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، كه ئیبراهیم جه‌عفه‌رى وه‌زیرى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه، له بڕیاریكی نوێیدا، 40 فه‌رمانبه‌رى گواسته‌وه كه سه‌رجه‌میان سونه مه‌زهه‌بن، ئه‌مه‌ش لایه‌نه سونه‌كانى به‌ته‌واوه‌تى نیگه‌ران كردووه.
هه‌ر بۆیه ئه‌حمه‌د مه‌سارى، له به‌یاننامه‌كه‌دا كه ئه‌مشه‌و 29/ 10/ 2017 بڵاویكردووه‌ته‌وه، ڕای گه‌یاندووه: "ئه‌م جۆره بڕیارانه له دواى 14 ساڵ له داگیركردنى عێراق، وامان لێده‌كات گومان له ئاشته‌وایی نیشتمانى بكه‌ین و په‌یامێكى نه‌رێنیش بۆ عێراقییه‌كان ده‌نێرێت".
بهپیویستیشی ده‌زانێت، حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌رپرسیارێتى یاسایی و نیشتمانى له ئه‌ستۆ بگرێت و كار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره بكات"چونكه دیمه‌نى سیاسی تێكده‌دات، به‌تایبه‌ت كه زانیارى هه‌یه فهرمانهبهرى دیكه‌ى هه‌مان پێكهاته له وه‌زاره‌تى دارایی دوور ده‌خرێنه‌وه".
bas news-
